رووداو - دیجیتاڵ
حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق بە بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستەکەی لادرا.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ژمارە (3020/2629627) کە رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە و واژۆی رەشاد خەڵەف هاشم، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی لەسەرە، بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری دراوە.
لە فەرمانە دیوانییەکەدا هاتووە: "بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی بەڕێز سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بە پاشکۆی فەرمانی دیوانیی ژمارە (24566) لە 19ی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیاردرا بە کۆتاییهێنان بە ئەرکی بەڕێز (حەمید رەشید فلیح) وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، کە بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە هۆکاری لادانی شەتری لە پۆستەکەی نەدراوە.
حەمید شەتری کێیە؟
حەمید رەشید فلیح، ناسراو بە "حەمید شەتری"، یەکێک لە دیارترین کارەکتەرە ئەمنییەکانی عێراقی پاش ساڵی 2003یە، کە لە ماوەی کارکردنیدا چەندین پۆستی باڵای لە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقدا وەرگرتووە.
حەمید شەتری لە ساڵی 1969 لە قەزای شەتڕەی سەر بە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق لەدایکبووە. لە ساڵی 1986دا پەیوەندی بە رێکخستنەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقەوە کردووە.
شەتری لە راپەڕینی شەعبانییەی ساڵی 1991دا بەشدارییەکی کارای کردووە، بەوهۆیەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی بەعسەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ساڵی 1993 لە زینداندا ماوەتەوە.
دوای ئازادبوونی لە زیندان، شەتری بۆ ماوەیەک لە نێو زۆنگاوەکانی باشووری عێراق نهێنی ژیاوە، دواتریش رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و تاوەکو ساڵی 1997 وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە کوردستان ماوەتەوە.
لە ساڵی 1998 لە رێگەی ئێرانەوە بەرەو ئەوروپا کۆچی کردووە و لە سویسرا نیشتەجێ بووە. جگە لە کاری سیاسی، هاوکات لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکاندا خوێندوویەتی و کاری کردووە، تاوەکو دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە بۆ عێراق.
دیارترین پۆستە ئەمنییەکانی شەتری دوای ساڵی 2003:
- سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری شانەی هەواڵگریی هەڵۆکان (خلية الصقور).
- یاریدەدەر، جێگر و پاشان بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
- بەڕێوەبەری گشتیی هەواڵگری و دژەتیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ (2021).
- سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق (تاوەکو تەممووزی 2023).
- راوێژکار لە راوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق.
- سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق (لە کانوونی یەکەمی 2024ـەوە تاوەکو 26ی تشرینی یەکەمی 2026).

