رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر کێشە بنەڕەتییەکانی داڕشتنی بودجە لە عێراق و گوتی، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 چەندین کۆتوبەندی تووند و مەترسیداری لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داناوە.
دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆلینەوەی ستراتیجی، مێزگەردێک لەژێر ناونیشانی "پرۆژە یاسای بودجەی 2027 ـی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان"
رۆژی دووشەممە 26-10-2026 د. ئامانج رەحیم، لە مێزگردێک بەناونیشانی (پرۆژە یاسای بودجەی 2027 ـی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان)، کە دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی سازیکردبوو، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رێکنەخستنی یاساکان لەسەر بنەمای دەستوور، سیستمی دارایی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبری ئەوەی فیدراڵییەتێکی دارایی دەستووری بێت، زیاتر لە فیدراڵییەتی دانوستاندن دەچێت.
د. ئامانج رەحیم هەروەها، ورژاندنی پرسی کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، هەڵاوسانی بێوێنەی خەرجییە سیادییەکان و بەردەوامیی سەپاندنی چەمکی "خەرجیی راستەقینە" بە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دانا.
شێوانی یاسای بودجە و نەبوونی ئەنجوومەنی فیدراڵی
د. ئامانج رەحیم لە دەستپێکی قسەکانی تیشکی خستە سەر دۆخی یاسادانانی دارایی لە عێراق و رایگەیاند، لە دوای ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ یاسایەکی تەواو شێواوە.
بە گوتەی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ەندامی شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستانە بۆ پرسی بودجە، یاساکە بڕگە و بابەتگەلێکی زۆری لەخۆگرتووە کە لە بنەڕەتدا دەبوو لەناو بودجەی ساڵانەدا جێگەیان نەبێتەوە، چونکە یاسای بودجە تەنیا خەرجی و داهاتی یەک ساڵ رێکدەخات، لە کاتێکدا پرسە بنەڕەتییەکانی وەک نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتەکان پێویستیان بە یاسای هەمیشەیی و سەربەخۆ هەیە.
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوە کرد، لە دەستووری عێراقدا چوارچێوەی فیدراڵییەتی دارایی لە رێگەی مادەکانی (110، 111، 112، 114، 115، 121) بە روونی دەستنیشان کراوە و دەستوور بە ئاشکرا دەڵێ، پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی فیدراڵی ناناوەندییەکی سیاسییە، لە کاتێکدا پەیوەندیی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ناناوەندیی کارگێڕی رێکخراوە، بەڵام ئەم بنەما دەستوورییانە نەکراونەتە دەقی یاسایی.
د. ئامانج گوتی: "دەبوو یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و یاسای دابەشکردنی داهاتەکان بەپێی مادەکانی 106 و 112ـی دەستوور دەربچوونایە. بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەو یاسایانە، لە دوای ساڵی 2005ـەوە بەشێکی گەورەی یاسای بودجەی ساڵانە تەرخان کراوە بۆ چارەسەری کاتیی ئەم پرسانە، ئەمەش وایکردووە یاسای بودجە هەمیشە ئامرازێک بێت بۆ ئیدارەدانی قەیران نەک چارەسەرکردنی."
هاوکات د. ئامانج هۆکاری سەرەکیی ئەم پەراوێزخستنە دەستوورییەی بۆ دروستنەبوونی "ئەنجوومەنی ئیتیحاد" (ئەنجوومەنی فیدراڵی) گەڕاندەوە و روونیکردەوە، بەهۆی نەبوونی ئەم ئەنجوومەنە، هەمیشە لەناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا پرسەکان بە زۆرینە و کەمینە یەکلایی دەکرێنەوە و نوێنەرانی کوردیش بەهۆی کەمیی ژمارەی کورسییەکانیان دەبنە کەمینە.
چۆن 'ئینفاقی فیعلی' شایستەکانی هەرێمی کوردستانی کەمکردەوە؟
سەبارەت بە رەوتی مێژوویی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، د. ئامانج رەحیم روونیکردەوە، لە ساڵی 2005 تاوەکو 2014، هەرێمی کوردستان رێژەی 17٪ـی بودجەی عێراقی بەشێوەی پلاندانراو (موخەتەت) وەردەگرت و لەو قۆناخەدا هیچ شتێک نەبوو بەناوی "ئینفاقی فیعلی" یان خەرجیی راستەقینە.
بە گوتەی د. ئامانج، لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 بودجە پەسند نەکرا، لە ساڵی 2015 لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق حەیدەر عەبادی، دوو گۆڕانکاریی "سەرەکی و مەترسیدار" لە یاسای بودجەدا روویاندا:
1. کەمکردنەوەی رێژەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە 17٪ـەوە بۆ 12.67٪ بەبێ ئەوەی هیچ سەرژمێرییەکی نوێی دانیشتووان کرابێت.
2. هێنانەکایەی دەستەواژەی "خەرجیی راستەقینە" (ئینفاق فیعلی) لەناو دەقی یاساکەدا، کە گورزێکی گەورەی لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بژێوی هاووڵاتییان دا و بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆش ئەم چەمکە بەردەوامە.
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەش کرد، دوای پچڕانی پەیوەندییە داراییەکان لە نێوان مانگی شوباتی 2014 تاوەکو ساڵی 2023 کە هەرێمی کوردستان نەوتی دەفرۆشت و بە داهاتی ناوخۆ مووچەی دابین دەکرد، لە یاسای بودجەی 2023 پەیوەندییەکان دەستیان پێکردەوە، بەڵام دیسانەوە بەند و رێگرییە داراییەکان بەردەوام بوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنی بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 کرد و رایگەیاند، لەم رەشنووسەدا ژمارەی مادەکان کەمکراونەتەوە بۆ 32 مادە و تەنیا مادەی 10 تایبەت کراوە بە هەرێمی کوردستان.
لەم پڕۆژەیەدا، کۆی گشتیی خەرجییەکانی عێراق بە 207 ترلیۆن دینار دیاریکراوە و داهاتی نەوتی و نانەوتیش 174 ترلیۆن دینارە، کە کورتهێنانێکی 43 ترلیۆن دیناری دروست دەکات.
ئامانج رەحیم هۆشداری دا لەوەی کە نابێت تەنیا سەرنج بخرێتە سەر ژمارەی ناو خشتەکان، چونکە ئەگەر دەقە یاساییەکان پڕ بن لە کۆتوبەند، ئەو ژمارانە تەنیا وەکو "مەرەکەبی سەر کاخەز" دەمێننەوە.
د. ئامانج گوتی: "لە بودجەی 2025 زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دانرابوو، کەچی تەنیا 10 بۆ 11 مانگ مووچە بە خەڵکی هەرێم درا. لە رەشنووسی بودجەی 2027دا، بڕی 13 ترلیۆن و 200 ملیار دینار بۆ هەرێم [ـی کوردستان] دانراوە کە دەکاتە نزیکەی 6.1٪ـی کۆی گشتیی بودجەی عێراق، بەڵام ئەمەش تەرخانکراوە و پێمان دەڵێن ئەمەشتان نادەینێ هەتاوەکو تەماشای خەرجیی راستەقینەی عێراق نەکەین و لەسەر بنەمای ئینفاقی فیعلی پشکی 12.7٪ـتان پێدەدەین."
مەترسییەکانی هەڵاوسانی خەرجییە سیادییەکان بۆ 76 ترلیۆن دینار
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی پانێڵەکەی د. ئامانج رەحیم، تایبەت بوو بە پرسی خەرجییە سیادییەکان کە بە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان ناوزەدی کرد.
د. ئامانج ئاشکرای کرد، لە پڕۆژەی نوێی بودجەدا خەرجییە سیادییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و لە 43 ترلیۆن دیناری پارەوە بۆ 76 ترلیۆن دینار بەرزکراونەتەوە.
ئامانج رەحیم شێوازی کەمکردنەوەی پشکی هەرێمی لە رێگەی ئەم خەرجییانەوە روونکردەوە: "بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 10 لە رەشنووسەکە، دوای ئەوەی لە کۆی 207 ترلیۆن دینارەکە 76 ترلیۆن خەرجیی سیادی لادەبرێت، پاشان خەرجییە حاکیمەکان، گەشەپێدانی هەرێمەکان و تەنانەت بودجەی پرۆگرام و ئەدا کە بە قەرز دابین دەکرێت لادەبرێن، ئینجا لەوەی دەمێنێتەوە 12.7٪ بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت. ئەمەش وا دەکات ئەو دەفرەی پارەی لێ وەردەگیرێت بە تەواوی بچووک ببێتەوە."
د. ئامانج رەخنەی تووندی لە ناڕەوایی خەرجکردنی ئەم پارانە گرت و گوتی:
لەو 76 ترلیۆن دینارە، بڕێکی زۆری قەرزە کە عێراق وەریگرتووە؛ هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 12.7٪ لە دانەوەی قەرز و سووی قەرزەکان بەشدارە، لە کاتێکدا ئەم قەرزانە بۆ پرۆژەی نیشتمانی خەرج نەکراون، بەڵکو بۆ پرۆژەی وەک 'شاری بەسمایە' لە بەغدا یان پرۆژەکانی کارەبا بە بڕی 37 ترلیۆن دینار لە پارێزگەکانی عێراق بەکارهێنراون کە هەرێمی کوردستان لێیان بێبەشە.
خەرجیی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و وەزیر و ئەندامانی پەرلەمان لەناو سیادیدایە و هەرێمی کوردستان بەشدارە لە دابینکردنیاندا.
وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی پێکەوە نزیکەی 16 ترلیۆن دینار خەرجییان خراوەتە ناو سیادی (مووچە، پڕچەککردن، مەشق و ئیمتیازات)، لە کاتێکدا پێشمەرگە کە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق، لەم خەرجییە سیادییە بێبەش کراوە.
وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەکانی عێراق بەشێکن لە خەرجیی سیادی، کەچی لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و سەربازی لە بەغدا، کورد لە 2٪ تێپەڕ ناکات.
ناکۆکی لەسەر رێژەی دانیشتووان؛ 14.14٪ یان 12.7٪؟
لە تەوەرێکی دیکەدا، د. ئامانج رەحیم تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی بەغدا بۆ سەپاندنی رێژەی 12.7٪ وەکو رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی بودجەدا و بە تێپەڕاندنێکی نادەستووری و نایاسایی باسی کرد.
د. ئامانج ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بەپێی دوو بڕیاری ژمارە (24853 و 24860)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2024دا، نابێت دەرەنجامی کۆتایی سەرژمێریی دانیشتووان رابگەیێندرێت تاوەکو داتاکانی سەرژمێریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆماری سەرژمێریی ساڵی 1957 بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بەغدا بەراورد نەکرێن. هەروەها بەپێی یاسای دەستەی ئاماری عێراق و ماددەی 52.1ـی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەر لە سەرژمێریدا "شوێنی نیشتەجێبوونی ئاساییە" نەک کارتی نیشتمانی.
د. ئامانج رەحیم رایگەیاند: "لە کاتێکدا رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14.14٪ـە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە نایاسایی هاتووە لە سێ پارێزگەکەی هەرێمی کوردستان هەموو ئاوارە و دانیشتووان و ئەوانەی کارتی نیشتمانیی پارێزگەکانی دیکەیان هەیە دەرهێناوە و رێژەکەی هێناوەتە سەر 12.7٪، لە کاتێکدا بۆ پارێزگەکانی دیکەی وەک بەسرە و بەغدا ئەمەی نەکردووە و تەنیا بیانییەکانی لاداوە. ئەمەش ستەمێکی گەورەیە و لەسەر ئاستی سیاسی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش لە داهاتوودا بەپێی مادەی 49ـی دەستوور کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی نوێنەرایەتیی کورد دروست دەکات."
مەرجەکانی نەوت و پاراستنی مووچە لە ململانێکان
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، د. ئامانج رەحیم روونیکردەوە، پڕۆژەیاساکە عێراقی پابەند کردووە بە هەناردەکردنی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە و لە مادەی 10دا مەرجی داناوە کە دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، لەگەڵ تەسلیمکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان. ئەگەر هەرێمی کوردستان ئەم مەرجانەی بەپێی بڕگەکانی ئەلیف، باء، جیم و دال جێبەجێ نەکرد، لە بڕگەی (واو)دا هاتووە کە شایستە داراییەکانی هەرێم نادرێت.
د. ئامانج گوتی، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مافێکی دەستوورییە و پەیوەستە بە بژێوی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار خێزان. روونیشیکردەوە، بەپێی بڕیاری رۆژی 21ـی شوباتی 2024ـی دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت مووچەی هەرێمی کوردستان هاوتای مووچەی سەرجەم پارێزگەکانی دیکەی عێراق خەرج بکرێت و ناشبێت پرسی مووچە هەڵپەسێردرێت بە جێبەجێکردنی پابەندییە نەوتی و نانەوتییەکانەوە.
لە تەوەری کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. ئامانج رەحیم ستراتیژیی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستانی لە بەغدا خستەڕوو کە پێکهاتوون لە شاندی باڵا بۆ دانوستاندنی ستراتیژی و تیمێکی تەکنیکی بە سەرپەرشتی د. هاوڕێ، د. ماکوان، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و کۆڤان تەحسین، بۆ بەدواداچوونی ژمارەکان.
د. ئامانج گوتی: "ستراتیژی ئێمە ئەوە بووە کە دانوستاندن لەسەر ژمارە ناکەین پێش ئەوەی لەسەر بنەما دەستوورییەکان رێکبکەوین. ئەگەر لەسەر فیدراڵییەتی دارایی و پێناسەی خەرجیی سیادی رێکنەکەوین، قسەکردن لەسەر پلەی وەزیفی و گرێبەستەکان لە خشتەکاندا بێسوود دەبێت."
ئامانج رەحیم گوتی، لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، راپۆرتێکی 13 بۆ 14 لاپەڕەییان پێشکەش کردووە لەسەر کاریگەرییە نەرێنییەکانی خەرجییە سیادییەکان، کە زیانی بە پارێزگەکانی دیکەی عێراقیش گەیاندووە. لە ئەنجامدا، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە کە پێکەوە دابنیشن و پێداچوونەوە بە تەواوی لیستی نەفەقاتی سیادیدا بکەن، تاوەکو هەر خەرجییەک کە سیادیی راستەقینە نەبێت و پڕۆژەی نیشتمانی نەبێت لایببەن؛ ئەمەش وا دەکات خەرجیی سیادی دابەزێت و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا زیاد بکات. هاوکات داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە مەحزەری فەرمیی کۆبوونەوەکان تۆمارکراون بۆ ئەوەی بخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
