رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردن ، بڕیارە لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم کۆببێتەوە و ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێن.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکەدا پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، دەرهاویشتەکان، هەروەها ئەرک و بەرپرسیاریەتیی وڵاتانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێن.
گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی سەردانەکەدا ژمارەیەک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن، بە ئامانجی کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ لە بەردەم بەرنامە ئابوورییەکان و پەرەپێدانی هاوبەش کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو گەل بگەیەنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکە لەم کاتەدا، بەرجەستەکەری دیدی هاوبەشی بەغدا و عەممانە بۆ فراوانکردنی راوێژ لەگەڵ وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی و ناوچەیی، بە ئاراستەی پشتیوانیکردن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و گەلانی دەستەبەر بکات.
ئەمە یەکەمین سەردانی فەرمیی عەلی فالح زەیدییە بۆ شانشینی ئوردن لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، لە کاتێکدا پێشتر لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ سەردانی ئێران، تورکیا و سعوودیەی کردوە.
