رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنە هەمیشەییەکان کۆدەبنەوە.
جووتیار خدر، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 20:00ـی ئەمشەو، بە سەرۆکایەتیی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک فراکسیۆنەکان لەبارەی میکانیزمی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان کۆدەبنەوە."
سەبارەت بە پشکی کورد لە سەرۆکایەتیی لیژنەکاندا، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە: "تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی سێ لیژنە بۆ کورد دانراوە، بەڵام بەپێی شایستەی هەڵبژاردن، پشکی کورد چوار لیژنەیە و داوای چوار لیژنە دەکەین."
لەبارەی پشکی فراکسیۆنەکەیان، جووتیار خدر گوتی: "پارتی سەرۆکایەتیی دوو لیژنەی بەردەکەوێت؛ ئێستا سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی لای پارتییە و رێبوار هادی سەرۆکایەتی دەکات و سەرۆکایەتیی لیژنەیەکی دیکەشی بەردەکەوێت، کە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە."
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا سەرۆکایەتی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان دەکات، هەرێم کەمال ئاغا وەک سەرۆکی بەتەمەن دیاریکراوە، مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی فراکسیۆنی یەکێتی سەرۆکایەتی هیچ لیژنەیەکی وەرنەگرتووە، ئەوەی هەیە کاتییە، بەرکەوتەیان سەرۆکایەتی لیژنەیەکی پلە یەک و لیژنەیەکی پلە دووە.
لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی عێراق:
1.لیژنەی یاسایی
2.لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
3.لیژنەی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە
4.لیژنەی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی
5.لیژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدان
6.لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکانی رێکنەخراو لە چوارچێوەی هەرێمدا، پلاندانانی ستراتیژی، بەرنامەی حکومی و ئەوقاف
7.لیژنەی تەندروستی، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان
8.لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
9.لیژنەی پەروەردە
10.لیژنەی کار، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، راژەی گشتیی فیدراڵی، لاوان و وەرزش
11.لیژنەی گواستنەوە، گەیاندن و حوکمڕانی (حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی)
12.لیژنەی دەروازە سنوورییەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی
13.لیژنەی رەفتاری پەرلەمانی
14.لیژنەی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو، زۆنگاوەکان و ژینگە
15.لیژنەی کارەبا و وزە
16.لیژنەی شەهیدان، قوربانییان و زیندانیانی سیاسی
17.لیژنەی دارایی
18.لیژنەی دەستپاکی
19.لیژنەی ئاسایش و بەرگری
20.لیژنەی نەوت، گاز و سامانە سروشتییەکان
21.لیژنەی مافەکانی مرۆڤ
22.لیژنەی کۆچ، کۆچبەران و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی
23.لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار، شوێنەوار و راگەیاندن


