رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی چاودێری خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان خەرج کرد و کۆی ئەو پارەیەی دابەش دەکرێ زیاتر لە 66 ملیار دینارە.
زیکرا عەبدولرەحیم، سەرۆکی دەستەی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وەزارەتی کاری عێراق، رۆژی یەکشەممە (25ـی تشرینی یەکەمی2026) رایگەیاند: "هەموو رێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەم مانگە لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان تەواوکراون."
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی مافی خاوەن پێداویستییەکانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم مانگە مووچە وەردەگرن، دەگاتە 384 هەزار و 752 کەس و کۆی ئەو پارەیەی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە، 66 ملیار و 77 ملیۆن دینارە.
زیکرا عەبدولرەحیم داوای لە سوودمەندبووان کرد، دوای گەیشتنی نامە بۆ مۆبایلەکانیان، بچن شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
مووچەی (کەسی چاودێر) لە عێراق، بەپێی یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2013 دەدرێتە ئەو کەسانەی خزمەتی کەسانی خاوەن پێداویست دەکەن و کاری دیکەیان نییە.
ئەم بڕە پارەیە مانگانە 170 هەزار دینارە و وەک هاوکاری بۆ ئەو خێزانانە خەرج دەکرێ کە کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە.


.png&w=3840&q=75)