رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان، چەکی گرووپە چەکدارەکان و دۆخی ناوماڵی شیعە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ترسی راستەقینە هەیە لەوەی خۆپێشاندانەکانی تشرین دووبارە ببنەوە.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پێگەی (Middle East Uncovered) رایگەیاندووە کە رۆڵی ئێستای ئەوان لە عێراقدا "جیهادییە" و ئامانجیان "خزمەتکردن و قوربانیدانە" بۆ وڵات.
وەلائی دەڵێت، پێچەوانەی هەڵوێستی فەرمیی حکومەت، ئەوان بوونی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لە عێراق وەک داگیرکاری دەبینن و گوتی: "داگیرکاری تەنیا سەربازی نییە، بەڵکو داگیرکاریی سیاسی، دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری عێراقی و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆ، وەبەرهێنان و ئابووری."
"ئەمریکا پشت لە کورد و سوننە دەکات"
وەلائی هۆشداری دایە کورد و پێکهاتەی سوننە و گوتی: "پەیاممان بۆ کورد و سوننە ئەوەیە کە ئەمریکا بە تەواوی پشتیان تێدەکات و بەجێیان دەهێڵێت، رێک وەک چۆن لە پێشوودا پشتی هەسەدە و ئەفغانستانی بەردا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا، ئەبو ئالا وەلائی رایگەیاند، "گەلی سووریا نەیاری عێراق و عێراقییەکان نییە، ئێمە دەمانەوێ سووریا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و دوور بێت لە دابەشبوونی تائیفی و هەرێمی."
هەروەها گوتیشی: "بە تەواوی رەتیدەکەینەوە جارێکی دیکە بگەڕێینەوە نێو شەڕی سووریا، نامانەوێ شەڕی شیعە و سوننە کە پێشتر کارەساتی گەورەی خوڵقاند دووبارە ببێتەوە."
هەڵسەنگاندن بۆ ئەحمەد شەرع؛ زووە بۆ حوکمدان لەسەر ئەزموونەکەی
سەبارەت بە ئەحمەد شەرعیش باسی لەوە کرد: "ئێمە بڕوامان بەوە هەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بگۆڕدرێ و لە دۆخێکەوە بچێتە دۆخێکی دیکە، تێپەڕین لە بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامییەوە بۆ سەرکردایەتیکردنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی کات و ئەزموونی دەوێ، هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەزموونی ئەحمەد شەرع. ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی عەلەوییەکان، دروزەکان و هێزەکانی هەسەدە دەکات، وەڵامی ئەمە دەداتەوە."
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ تاران، وەلائی رایگەیاند، پەیوەندیی نێوانیان مێژوویی، ئایینی و مەزهەبییە؛ گوتیشی: "ئەگەر ئێران رووبەڕووی هەڕەشەیەکی راستەقینەی بوون و مانەوە ببێتەوە، بە دڵنیاییەوە بەشداریی شەڕ دەکەین، ئەمەش وەک بەرگریکردن لە تەواوی بوونی مەزهەبی شیعە."
"دروستکردنی متمانە لەگەڵ کەنداو کاتی زۆری پێویستە"
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کەنداو، وەلائی دەڵێت دروستکردنی متمانە کاتێکی زۆری پێویستە "بەتایبەت لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی پێشتر تێوەگلابوون لە ناردنی خۆکوژان بۆ نێو خاکی عێراق، یان رێگەیان دا بنکەکانیان بۆ بۆردوومانکردنی عێراق بەکاربهێنرێن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی هادی عامری، کە خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019ـی بە "فیتنە" ناویبردبوو، ئەبو ئالا وەلائی پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپێشاندەران دەربڕی و گوتی: "لە لێدوانەکەی حاجی عامری بە هەڵە تێگەیشتبوون، رەنگە دەربڕینەکەی باش نەبووبێت یان بە نادروستی داڕێژرابێت، ئەو مەبەستی ئەوە بووە کە هەندێک کەس لە نێو شۆڕشەکەدا هەڵسوکەوتی نەشیاویان هەبووە. بە بڕوای ئێمە شۆڕشی تشرین واقیعی عێراقی گۆڕی و رێڕەوەکەی راستکردەوە."
"چوارچێوەی هاوئاهەنگی ترسی لە دووبارەبوونەوەی خۆپێشاندانەکانی تشرین هەیە"
وەلائی ئاماژەی بەوەش کرد: "تشرین لە خەڵکی هەژار، دەرچووانی دانەمەزراو و تەنانەت چەکدارانی حەشدی شەعبیش پێکدەهات. ئێمە شانازی بەوە دەکەن کە بەشێک بووین لەو شۆڕشە. لە هەمان کاتدا، لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ترسێکی راستەقینە هەیە لەوەی ئەو خۆپێشاندانانە دووبارە ببنەوە، هەرچەندە نوێنەرانی تشرین نەیانتوانی سەرکەوتنی سیاسی بەدەستبهێنن."
سەبارەت بەوەی کامیان نوێنەرایەتیی شەقامی عێراقی دەکەن، رەوتی سەدر یان گرووپە چەکدارەکان، وەلائی ستایشی پێگەی سەدرییەکانی کرد و گوتی: "رەوتی سەدر بزووتنەوەیەکی گەورەی جەماوەرییە و ناکرێ رۆڵ و کاریگەری و لایەنگرانی لەبەرچاو نەگیرێن. هاوکات گرووپەکانیش رۆڵێکی دیاریان لە پاراستنی سیستمی سیاسی و شەڕی تیرۆردا هەبووە، هەروەک چۆن سەدرییەکانیش رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە رووداوەکانی ساڵی 2006ـدا گێڕا."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە داوای رادەستکردنی چەکی سەرجەم گرووپەکان بە دەوڵەت دەکات و بە پێچەوانەوە بە چوونە دەرەوە لە یاسا ناوزەندیان دەکات، وەلائی دەڵێ: "ئێمە پابەندیی خۆمان بە بڕیارەکانی لیژنەی چوارقۆڵی و بڕگەکانی بەڵگەنامەی سەروەری نیشانداوە، بەڵام ئەم پابەندبوونە بە مەرجی پابەندبوونی لایەنی بەرامبەرە."
لەبارەی رۆڵی حکومەتی ئێستای عێراق، وەلائی دەڵێت: "حکومەت لە دۆخی شەڕ، قەیرانی تەنگەی هورمز، نائارامیی ناوچەکە و تەنگژەی ئابووریدا کار دەکات، سەرەڕای ئەوەش، شایەنی دەستخۆشییە بەهۆی ئەوەی رێگری لە شەڕی ناوخۆی شیعە - شیعە کرد و عێراقی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی پاراست."



.jpg&w=3840&q=75)