رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جووڵاندنی دۆسیەی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان لە تکریت و پلانی گۆڕینیان بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان، سکاڵا لە دژی 30 چالاکڤان و رۆژنامەڤان لە پارێزگای سەلاحەدین تۆمار کرا و سێ کەسیان دەستگیر کران؛ چالاکڤانان دەڵێن، ئەمە هەوڵێکە بۆ "ونکردنی شوێنەواری تاوانی سپایکەر"، بەڵام پارێزگا رەتیدەکاتەوە.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، هەیسەم زەهوان، پارێزگاری سەلاحەدین، داوایەکی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، تاوەکو کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی تکریت وەک دەرفەتی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون، بازرگانی و گەشتیاری بەکاربهێنرێن.
"کۆشکەکان هیچ پەیوەندییەکی بە تاوانی سپایکەرەوە نییە"
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکە تەنیا بۆ رێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنانەیە. تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی نووسراوەکەی نەداوەتەوە و تەنیا لە دەسەڵاتی ئەواندایە بڕیار بدەن."
یاسین داودی راشیگەیاند: "پڕۆژەکە هیچ پەیوەندییەکی بەو شوێنەوە نییە کە تاوانەکەی سپایکەری تێدا ئەنجامدراوە و دوورن لەیەکدییەوە".
نووسینگەی پارێزگاری سەلاحەدین:پرۆژەکە بۆ لادانی پاشماوەکانی جەنگە
هاوکات نووسینگەی پارێزگاری سەلاحەدینیش لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "مەبەست لەم هەنگاوە بووژانەوەی ناوەندی شاری تکریت و لادانی پاشماوەکانی جەنگە، تاوەکو ئەو ناوچە 2400 دۆنمییە بکرێتە شوێنێکی شارستانی".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بابەتی نووسراوەکە تەنیا پەیوەندی بە کۆشکە سەرۆکایەتییەکانەوە هەیە و نابێت تێکەڵ بە دۆسیەی سپایکەر بکرێت. ئێمە رێزی تەواو لە هەستی خێزانی شەهیدانی سپایکەر دەگرین و راست نییە ئەگەر بگوترێت ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی ونکردنی شوێنەوارەکانی ئەو تاوانە."
دەستگیرکردنی سێ چالاکڤان
ئەم پلانەی پارێزگار، نارەزایەتیی بەشێک لە چالاکڤانانی لێکەوتەوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا وەک "هەوڵێک بۆ ونکردنی شوێنەواری تاوانەکەی سپایکەر" وەسفیان کرد. لە بەرامبەردا، سکاڵا لە دژی 30 چالاکڤان و رۆژنامەڤان تۆمار کرا.
چالاکڤانانی سەلاحەدین لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئێستا داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراق بپارێزن" رایانگەیاند، سێ چالاکڤان دەستگیرکراون و سکاڵا لەسەر 27ی دیکەش تۆمارکراوە.
ئەوان داوایان کرد بنەمای یاسایی ئەو سکاڵایانە روون بکرێتەوە، تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە پڕۆژەی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان بۆ خەڵک بڵاوبکرێتەوە و رێگە نەدرێت دادگە بۆ گوشارخستنە سەر ئازادیی رادەربڕین بەکاربهێنرێت.
کۆشکە سەرۆکایەتییەکانی تکریت، کە لە سەردەمی سەدام حوسێن دا دروست کراون، لە دوای ساڵی 2003وە لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە بەکارهێنراون.
لە ساڵی 2014دا، چەکدارانی داعش لەو ناوچەیەدا کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان ئەنجامدا و زیاتر لە 1700 سەرباز و قوتابیی بنکەی ئاسمانیی سپایکەریان کوشت.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)