رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرد و بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان کرا و جەخت لە پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کراوەتەوە.
رۆژی شەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا کرد. بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی پشتیوانیی بەغدای بۆ سووریا دووپاتکردەوە و جەختی لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی گەشەپێدانی کردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی "پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش" تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان بووە.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پێویستی و گرنگیی پاراستنی تەبایی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی سووریا کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بە قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق کردووە و پەرۆشیی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە نیشان داوە، "بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دراوسێ بکات."

