رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە دروستکردنی وەزارەتە نوێیەکانی عێراق دەکات و دەڵێ، دانانی پارێزگاری کەرکووک وەک وەزیری دەوڵەت، هەنگاوێکی دروستە لەپێناو سەقامگیریی سیاسی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی گەلی تورکمان.
ئەمڕۆ هەینی، 16ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی لەبارەی دروستکردنی وەزارەتە نوێیەکانی عێراق بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە دروستکردنی وەزارەتە نوێیەکان و تەواوکردنی کابینەی حکومەتی نوێ دەکەین کە لە 15ـی تشرینی یەکەم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەیان پێدرا. هیوای سەرکەوتن بۆ حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز عەلی زەیدی دەخوازین."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێیوایە ئەم پێشهاتە خێرایی دەداتە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی وزە، ئاو، ژێرخان و ئاسایش، بەتایبەتی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دانانی محەممەد سەمان ئاغائۆغڵو، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق، وەک وەزیری دەوڵەت لە کابینەی نوێدا بە هەنگاوێکی دروست بە ئاراستەی سەقامگیریی سیاسی، سازانی کۆمەڵایەتی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی گەلی تورکمان دەبینین."
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەسەر ویستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی زیاتری هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی
رۆژی پێنجشەممە (15ی تشرینی یەکەمی 2026)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ تەواوکردنی کابینەی وەزاری پەسند کرد، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ چەندین مانگ بەشێکی وەزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبران.
جێگرانی سەرۆکوەزیرانی عێراق
پەرلەمان متمانەی بە سێ کەسایەتی دا بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران:
- موحسین مەندەلاوی
- لەیس خەزعەلی
- محەممەد تەمیم
هاوکات، فارس بریفکانی، بەربژێری چوارەمی جێگری سەرۆکوەزیران، نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێ و دواخرا.
بەپێی دەنگدانی پەرلەمان، ئەم کەسانە وەک وەزیری وەزارەتە خزمەتگوزاری و سیادییەکان دیاریکران:
- وەزارەتی ناوخۆ: یاسر مالیکی
- وەزارەتی بەرگری: نایف شمەری
- وەزارەتی پلاندانان: قوتەیبە حەمید
- وەزارەتی خوێندنی باڵا: حەیدەر حوسێنی
- وەزارەتی رۆشنبیری: یاسین عیساوی
- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: رێباز حەملان
- وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: محەممەد مووسەوی
- وەزارەتی لاوان و وەرزش: سەفا کینانی
لە کۆبوونەوەکەدا سێ وەزارەتی نوێ پەسندکران و وەزیرەکانیان دەستبەکاربوون:
- محەممەد دەراجی، وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی
- عەلی دەخیلی، وەزارەتی گەشتوگوزار
- محەممەد سەمعان، وەزیری دەوڵەت
سەرەرای تێپەڕبوونی کابینەکە، بەڵام ژمارەیەک فراکسیۆنی سیاسی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. ئەوان پێیان وابوو زیادکردنی وەزارەت و پۆستی نوێ بارگرانیی داراییە و لەگەڵ پلانی چاکسازیی ئابووریی وڵات ناگونجێت.
بە پێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە نێو پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنەکان، دەنگدان لەسەر وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.


