رووداو دیجیتاڵ
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەنگۆی دەستگیرکردنی سەرمایەدارێک بە ناوی (محەممەد جەمال) رەتدەکاتەوە، کە لە چەند میدیا و پەیجێکی عێراقیدا بڵاوکرابووەوە گوایە لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون لە بەغدا دەستگیرکراوە.
رۆژی هەینی، دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکانی وڵاتەکە بڵاوبوونەتەوە و دەڵێ: "دەنگۆی دەستگیرکردنی کەسێک بە ناوی (محەممەد جەمال) بە هەموو شێوەیەک دوورە لە راستییەوە".
دەزگاکە روونیکردووەتەوە: "جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن تەنیا بەپێی رێکارە یاساییە کارپێکراوەکان و بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری ئەنجام دەدرێ، کە بەپێی یاسا و دەسەڵاتەکانی خۆیان بڕیار لەسەر دەستگیرکردن و رێوشوێنەکان دەدەن".
هاوکات دەزگای دژەتیرۆر داوای لە میدیاکان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد وردبن و راستگۆ بن لە گواستنەوەی هەواڵەکلان و زانیارییەکان تەنیا لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە بەدوور بگرن کە دەبێتەهۆی شێواندنی رای گشتی.
چەند گرتەڤیدیۆ و وێنەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابوونەوە کە پیشانییان دەدا هێزێکی ئەمنی چووەتە نێو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (دەروازەی عێراق) لە نێوەڕاستی بەغدا.
بەشێک لە میدیا نێوخۆییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، گوایە هێزێکی دژەتیرۆر هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەیەک و سەرمایەدارێک بە ناوی (محەممەد جەمال)ـیان دەستگیرکردووە، کە خاوەنی کۆمپانیای (کۆریس مایند) و زنجیرە چێشتخانە و فاستفوودی (ڤایکینگ بەرگر)ـە.


