رووداو دیجیتاڵ
بانکی گەشەپێدانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای بۆ خستنە نێو لیستی سزاکان رەت کردەوە و رایگەیاند، ئەوان دامەزراوەیەکی دارایی شەفافن و ئامادەن لەگەڵ بەغدا و واشنتن هاوکاری بکەن بۆ روونکردنەوەی راستییەکان.
کارگێڕیی بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و دارایی لە عێراق، رۆژی هەینی(16ـی تشرینی یەکەمی2026)، لە راگەیێندراوێکدا ئەو تۆمەتانەی کە لە لایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە ئاراستەی کراون و بە "ناراست" ناوی بردن.
بانکەکە جەختی کردەوە کە ئامادەیە لەرێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هاوکاری بکات تاوەکو داکۆکی لە نێوبانگی خۆی و مافی کڕیارەکانی بکات.
لە راگەیێندراوی بانەکەکەدا هاتووە: "بانکی گەشەپێدانیی نێودەوڵەتی ساڵانێکی زۆرە وەک دامەزراوەیەکی رەسەن کار بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی عێراق دەکات و لەژێر چاودێریی وردی بانکی ناوەندیی عێراقدایە و پابەندی تەواوی یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتییەکانی بواری بانکییە".
کارگێڕیی بانکەکە داوای لە هاووڵاتییان و کڕیارانی کردووە کە تێکەڵی نەکەن لەنێوان بڕیارە سیاسییەکان و دۆخی دارایی بانکەکە و ئاماژە بەوە دەکات: "پاراستنی مافی سپاردەکاران لە پێشینەی کارەکانمانە و بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی رێگەیان پێدراوە، تاوەکو دڵنیابین لە سەقامگیریی دارایی بانکەکە."
ئەم هەڵوێستەی بانکەکە دوای ئەوە دێت، رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران"، سزای بەسەر بانکەکەدا سەپاند.
واشنتن ئەم بانکە تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دۆلاری ئەمریکی بۆ دامەزراوەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی دابین کردووە و وەک "کەناڵێکی دارایی" بۆ دەربازبوون لە سزاکان بەکارهێنراوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئابی ئەم ساڵەوە هەڵمەتێکی چڕی بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران دەستپێکردووە.
عێراق بەهۆی پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران و زۆریی ئاڵوگۆڕی دۆلار، کەوتووەتە ژێر چاودێرییەکی زۆر وردی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا.

