رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق بە تۆمەتی "وەرگرتنی بەرتیل" دەستگیر کرا.
جووتیار خدر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ناسر کازم جەبر، بریکاری وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، بە تۆمەتی "وەرگرتنی بەرتیل" دەستگیر کرا.
میدیای فەرمیی عێراق هەواڵەکەی بڵاوکردوەتەوە. تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکانی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکیان لەوبارەوە بڵاونەکردوەتەوە.
وەک میدیای فەرمیی عێراق دەڵێ، ئەمڕۆ هێزێکی دەستەی دەستپاکی، بەرپرسە عێراقییەکەیان لەکاتی وەرگرتنی بەرتیل لەنێو ماڵی خاوەن کارگەیەک لە شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا دەستگیر کردووە.
وەک لەو میدیایەدا هاتووە، ئەو بەرپرسە بۆ مامەڵەیەکی نایاسایی، پێشکێشکردنی ئاسانکاری و لێخۆشبوون بۆ خاوەن کارگەیەکی چیمەنتۆ، سەردانی ماڵەکەی کردبوو و لە کاتی تاوانەکەدا دەستبەسەر کرا. دەست بەسەر سەرجەم ئەو پارەیەدا گیرا کە وەک بەرتیل درابوو.


