رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، رایدەگەیێنێت، بەگوێرەی رێنوێنییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دۆسیەی نرخی دۆلار و دراوە بیانییەکان پرسێکی دارایی و ئابوورییە و پەیوەستە بە میکانیزمەکانی بازاڕ و هاوکێشەکانی خستنەڕوو و خواست.
بەپێی راگەیێندراوی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاو کراوەتەوە، ئەم پرسە لە چوارچێوەی پسپۆڕیی لایەنە دارایی و نەختینەییەکانە، لە سەروویانەوە بانکی ناوەندیی عێراق و بە دۆسیەیەکی ئەمنی دانانرێت. رێنوێنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بەپێی پسپۆڕییە یاسایی و دامەزراوەییەکان بێت.
بە گوتەی شانەکە، هیچ رێنوێنییەک بە هێزە ئەمنییەکان نەدراوە بۆ دەستوەردان لە جووڵەی بازاڕ یان کارکردنە سەر نرخی دراو. ئەرکی هێزە ئەمنییەکان تەنیا جێبەجێکردنی یاسا و فەرمانە دادوەرییەکانە. هەر رێکارێک بەرامبەر سەرپێچیکاران یان ئەوانەی لە کاری نایاسایی مامەڵەکردن بە دراوی بیانییەوە تێوەگلاون، دەگیرێتەبەر، دەبێت بەپێی رێڕەوە یاسایی و دادوەرییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق بێت، ئەمەش بۆ رێگریکردنە لە هەر رێکارێکی هەڕەمەکی یان پێشێلکردنی مافی ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی یاسایی کار دەکەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق باس لەوەدەکات، بانکی ناوەندیی عێراق، تاکە لایەنی پسپۆڕە بۆ سەرپەرشتیکردنی دامەزراوە دارایی و بانکییەکان، رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو، بەدواداچوونی پابەندبوونیان بە رێنوێنییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتیی مامەڵە داراییەکان و کەمکردنەوەی سەرپێچییەکان.
شانەکە دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان دەست لە دیاریکردنی نرخی دراو یان بەڕێوەبردنی مامەڵە بازرگانی و داراییەکان وەرنادەن. رێکارەکانیان دژی چالاکییە ئابوورییە یاساییەکان نییە، بەڵکو تەنیا بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بڕیارە دادوەرییەکانە. هەروەها داواش لە هاووڵاتییان، بازرگانان، خاوەن کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و مامەڵەکارانی بازاڕ دەکات، دڵنیابن و بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامبن لە چالاکییە دارایی و بازرگانییە یاساییەکانیان.
