رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، لە هەوڵی واژۆکردنی رێککەوتنێکن لەگەڵ تورکیا بە مەبەستی پارەدارکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە.
رۆژی شەممە، حوسێن ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە قۆناخی کۆتایی دیزایندایە. پڕۆژەکە کار لەسەر پەرەپێدانی تۆڕی هێڵی ئاسنینی عێراق، بەستنەوەی پارێزگاکان پێکەوە و گواستنەوەی گەشتیاران و کاڵاکان دەکات، لە پاڵ ئامانجە سەرەکییەکەیدا کە بریتییە لە گواستنەوەی کاڵا لە بەندەری فاوەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا و بەپێچەوانەشەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی: "ئێستا کار لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە."
رووداو زانیویەتی، یەکێک لە پێشنیازەکانی نێو رەشنووسی رێککەوتنەکە ئەوەیە کە عێراق نەوت لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی نێو رێگەی گەشەپێدان بداتە کۆمپانیا تورکییەکان.
حوسێن ئەحمەد روونیکردەوە کە پڕۆژەیەکی دیکە هەیە وەکو قۆناخی یەکەمی رێگەی گەشەپێدان هەژمار دەکرێت: "ئەم پڕۆژەیە کار لەسەر نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی هێڵی ئاسنین دەکات، لە بەغداوە بەرەو بەسرە و ئوم قەسر، هەروەها لە بەغداوە بۆ موسڵ، لەگەڵ بەستنەوەی ئەم هێڵە بە بەندەری فاو و سنووری تورکیا لە باکوور لە ناوچەی پێشابوور."
درێژیى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەترە، لە هێڵى گواستنەوەى کاڵا و گەشتیارى و شەمەندەفەر و وشکانی پێکدێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو تورکیا.
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، 10.5 ملیار دۆلارى بۆ شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەبێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکەى دەبێت، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.

