رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری بانکی ناوەندیی عێراق بۆ گۆڕینی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، بووەتە هۆی هەژەند لە بازاڕەکاندا و ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە. بازرگانان باسی زیانی گەورە دەکەن و هاووڵاتییانیش لە گرانبوونی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکان نیگەرانن.
یەکێک لە کۆمپانیاکان، باس لەوە دەکات کە بەهۆی بڕیارەکەوە زیاتر لە 250 ملیۆن دینار زیانیان کردووە.
بیلال عانی، بەڕێوەبەری ژمێریاریی کۆمپانیاکە دەڵێت، "بانک ئاگاداری کردینەوە کە حەواڵەکەمان بە نرخی نوێ هەژمار دەکرێت. شۆک بووین! لە کاتێکدا رێکارەکانی گومرگمان لە مانگەکانی هەشت و نۆ تەواو کردبوو، بەڵام جێبەجێکردنەکە دوا خرابوو. قەرزی کڕیارەکانیشمان بە دینارە، بۆیە راستەوخۆ سەرمایەکەمان 15% بۆ 20%ی بەهای خۆی لەدەستدا".
لە کاردانەوەیەکدا دژی بڕیارەکە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت، بڵاوەیان پێکردن.
تەیف حەمەد، یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە کە فەرمانبەرە، دەڵێت، "لەسەر نرخی دۆلار خۆپیشاندانمان کرد، چونکە کاریگەریی لەسەر هەموو هاووڵاتییانی عێراق کردووە. ئێمەی فەرمانبەران بە زۆر بەشی ژیانمان دەکات، ئەی هاووڵاتیی ئاسایی چی بکات؟ ئەمڕۆ نرخی تەبەقەیەک هێلکە بووە بە 8 هەزار و 500 دینار".
هاوکات، عەلی خزەیر، خانەنشینێکە و پێی وایە دابەزاندنی بەهای دینار "کاردانەوەی زۆر خراپی لەسەر شانی هاووڵاتی و فەرمانبەری ئاسایی دەبێت".
لە بازاڕەکاندا، نرخی کەلوپەل و شمەک بەرز بووەتەوە و بڕیارە رۆژی یەکشەممە، ئەندامانی ژوورە بازرگانییەکان و بازرگانان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە، لە بەغدا گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی گەورە ئەنجام بدەن.


