رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەڵێ، پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە لە ساڵی 2011ـەوە لە ناوەندی پارێزگاکەدا دەستیپێکردووە و هێشتا تەواو نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بەڵێندەرەکان بە ناچاری وبە پشتبەستن بە گیرفانی خۆیان، کار دەکەن."
زەینەب عەباس عابدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەکانی دیوانیە پشت بەو بودجەیە دەبەستن کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دابینی دەکات، بۆیە پێدانی شایستەی دارایی کۆمپانیاکان بە قۆناخە و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی کارەکان."
زەینەب عابدی رایگەیاند: "پڕۆژەی وەها لە قەزاکانی دیوانیە هەیە کە تەنیا 25٪ی کارەکانی جێبەجێ کراوە، چونکە شایستەکانیان خەرج نەکراوە، بەڵام بەڵێندەرەکان بۆ ئەوەی کارەکان پەکیان نەکەوێت، لە گیرفانی خۆیان پڕۆژەکان بەڕێوەدەبەن و رانەوەستاون".
زەینەب عابدی دەڵێت: "پڕۆژەکانی نێو شاری دیوانیە لە ساڵی 2011ـەوە بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار دراونەتە ژمارەیەک کۆمپانیابەڵام دوای نزیکەی 15 ساڵ هێشتا تەواو نەکراون"؛ گوتیشی: "چەندین جار داوای گۆڕینی ئەو کۆمپانیا کەمتەرخەمانەمان کردووە. ئێستا 15 کۆمپانیا لە پارێزگاکەدا خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانن و تەنیا لە سەنتەری پارێزگاکە 42 پڕۆژە هەن."
هاوکات لەگەڵ کێشە کارگێڕییەکان، عەلی مەیاحی، موختاری گەڕەکی تەقییە لە دیوانیە، بە شێوازێکی جیاواز خەڵک بۆ هاوکاریی کۆمپانیاکان هان دەدات. لە ڤیدیۆیەکدا کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبووەتەوە، موختارەکە بەرەبەیانی زوو بە بڵندگۆ هاوار دەکات و بە خەڵکەکە دەڵێت: "هەڵسن لە خەو با پڕۆژەکانتان جێبەجێ بکرێ. ئۆتۆمبێلەکانتان لەنێو کۆڵانەکان لابدەن تاوەکو تیمەکان بتوانن کار بکەن. چۆن دەبێت ئەم کۆڵانە بەم شێوەیە بن؟ خوا قبووڵ ناکات."


