رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، چاودێریی وردی کارە بانکییەکان تایبەت بە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە نابێت بانکەکان جیاوازیی نرخ لەو بازرگانانە وەربگرن کە پێش 7-10-2026 داوای حەواڵەیان کردووە.
رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا داوای لەو کۆمپانیا و بازرگانانە کرد کە داواکاریی حەواڵەی هاوردەکردنیان پێش 7ی تشرینی یەکەمی 2026 بووە، بچنە بانکەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی مامەڵەکانیان. بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ: "پێشتر پارەی پێویستمان بۆ بانکەکان دابین کردووە تاوەکو ئەو حەواڵانە بە بەهای پێشوو (1320 دینار) بێت".
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ: "نابێت بانکەکان جیاوازیی بەهاکە لە بازرگانان وەربگرن بۆ ئەو حەواڵانەی بە بەهای پێشوو پارەکەیان بۆ دابینکراوە. هەر بازرگانێک رووبەڕووی داواکردنی پارەی زیادە بووەوە، دەتوانێت لەرێگەی "پلاتفۆرمی سکاڵاکانی بانکی ناوەندی" یان ئیمەیڵی (media.office@cbi.iq) سکاڵا تۆمار بکات".
بانکی ناوەندی دەڵێ: "بە هاوئاهەنگی کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، خەریکی دەرهێنانی کارتی تایبەتین بە (بازرگانیی دەرەکی) بۆ بازرگانە بچووکەکان، تاوەکو پرۆسەی هاوردەکردن و دابینکردنی دراوی بیانی بۆیان ئاسانتر بێت."
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە 6ی تشرینی یەکەم دەرچووە، بەهاکان بەم شێوەیە دەبن:
- کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار.
- فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار.
- فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار.

-X3.jpg&w=3840&q=75)
