رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق رێکارەکانى پەسندکردنى پڕۆژەیاساى تاوانى نێودەوڵەتى دەستپێکردووە کە تێیدا سزاى کۆمەڵکوژى و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى جێبەجێ دەگرێتەوە و دەگاتە ئاستى لەسێدارەدان، بەگوتەى ئەندامێکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى، سزاى ئەو جۆرە تاوانانە لە یاساى عێراقدا نەبووە و لەدواى پەسندکردنى لە دادگاکانى عێراق کارى پێ دەکرێت.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە و ئێستا لەهەردوو لیژنەى ئاسایش و بەرگرى و مافى مرۆڤە.
ئەو تاوانانەى کە لە یاساکەدا جێکراوەتەوە بریتین لە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى، کۆمەڵکوژى، بازرگانی و بە کۆیلەکردنى مرۆڤ، کۆچپێکردنى زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان، بە زۆر دووگیانکردنى ژنان لەپێناو دروستکردنى کاریگەرى لەسەر پێکهاتەى نەتەوەیەک یان گرووپێکى دیکە، چەوساندنەوە، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردن.
شێروان دووبەردانى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سزاى ئەو جۆرە تاوانە نێودەوڵەتییانە لە یاساکانى عێراقدا نەبووە، بۆیە پڕۆژەیاسایەکى نوێى بۆ ئامادەکراوە و لەدواى پەسندکردنى لە دادگاکانى عێراق کارى پێ دەکرێت.
بەگوێرەى ماددەى دووى یاساکە، ئامانج لە دەرکردنى، رێگریکردنە لە تاوانەکانى کۆمەڵکوژى و دژ بە مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ و سزادانى بکەرانى.
هەندێک لەو تاوانانەى کە یاساکە دەیگرێتەوە لە 2ى ئایارى 2003ەوە هەژمار دەکرێت لەوانە ئەو تاوانانەى لەژێر دەسەڵاتى دەریایی و ئاسمانى و کەشتى و فڕۆکەکانى عێراق کرابێت، هەر عێراقییەک کە لەدەرەوەى وڵات بووبێت و تاوانێکى لە نێوخۆدا کردبێت یان بەشدارى تێدا کردبێت، تاوانەکانى داعش و گرووپە هاوشێوەکانى.
لە پڕۆژەکەدا سزاى لە سێدارەدان دیاریکراوە بۆ ئەو کەسانەى کە تاوانى کوشتنى بەکۆمەڵ، لەناوبردن، زیانگەیاندنى جەستەیى و دەروونى بە ئەندامانى گرووپێک، بەئامانجگرتنى بابەتى، بردنى منداڵ لە گرووپێکەوە بۆ ناو گرووپێکى دیکە.
شێروان دووبەردانى راگەیاند، بڕیارە وۆرکشۆپێک بە بەشدارى بەرپرسانى ئەمنى و شارەزایان بکرێت بۆ وەرگرتنى بۆچوون لەسەر پڕۆژە یاساکە. هەروەها پەیوەندى بە هەرێمى کوردستانەوە دەکەن بۆ ئەوەى تێبینییان لێ وەربگرن.



.jpg&w=3840&q=75)