رووداو دیجیتاڵ دەنگی ئەو تەقینەوەیەی کەمێک لەمەوبەر لە بەغدای پایتەخت بیسترا، بەهۆی خستنەخوارەوەی درۆنێکی نەناسراو بووە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز؛ سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە. رۆژی سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند: "ئەو دەنگەی کەمێک لەمەوبەر لە بەغدا بیسترا، لە ئەنجامی بەرپەرچدانەوە و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو بووە لە دەوروبەری ناوچەی سەوز." سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی گوتیشی: "درۆنەکە لە ئاسمانەوە کراوەتە ئامانج و لەنێوبراوە، دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەن لە سەرچاوە و چۆنیەتیی رووداوەکە." ناوچەی سەوز لە بەغدا، جگە لە بارەگای سەرۆکایەتییەکان، حکومەت و پەرلەمانی عێراق، چەندین باڵیۆزخانەی بیانی لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان باڵیۆزخانەی ئەمریکایە.