رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی عێراق بە فەرمی داوا لە پەرلەمان دەکات پارێزبەندی لەسەر ژنە پەرلەمانتارێک هەڵبگرێت، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی و ساختەکردنی بەڵگەنامەی فەرمی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیای فەرمیی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتى دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە بەغدا بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە، تاوەکو پارێزبەندی لەسەر زەهرا ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبگرێت، تاوەکو رێکاری یاسایی لە دژی بگیرێتەبەر.
داواکارییەکە لەسەر بنەمای ماددەکانی 289 و 298ی یاسای سزادانی عێراقییە، کە تایبەتن بە تاوانی ساختەکردنی نووسراو و بەڵگەنامەی فەرمی لەلایەن فەرمانبەرانی گشتییەوە؛ بەپێی یاساکەش سزای ئەو تاوانە دەگاتە پێنج ساڵ بەندکردن.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی عێراق، دادگەی تاوانەکانی گەندەڵی رایگەیاندووە کە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەی دۆسیەیەکی گەندەڵی تایبەت بە زەهرا ساعدی.
زەهرا ساعدی ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لەسەر فراکسیۆنی بەدر (بە سەرۆکایەتیی هادی عامری) و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا لە سنووری بازنەی پارێزگای دیالە بە بەدەستهێنانی 6 هەزار و 787 دەنگ دەرچوو بۆ پەرلەمان.

.webp&w=3840&q=75)
