رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەسەر ئاڵای ئەمریکا دەڕوات. ئەوە لەکاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی داوە کە لە کاتی رێوڕەسمی "رۆژی سەروەری"دا پێشێلکارییان بەرامبەر ئاڵای ئەمریکا کرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ئەکرەم کەعبی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بەسەر ئاڵای ئەمریکا دەڕوات و لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی: "تاوانەکانتان لەژێر پێماندان."
بڵاوکردنەوەی ئەم گرتەیە لەکاتێکدایە، ئێوارەی هەمان رۆژی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەی ئەکرەم کەعبی، حکومەتی عێراق بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، ئەو کارمەندانەی سەر بە حەشدی شەعبی دەستگیرکرد کە لە رێوڕەسمی "رۆژی سەروەری"دا بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بەسەر ئاڵای ئەمریکادا رۆیشتبوون. بزووتنەوەی نوجەباش لە راگەیێندراوێکدا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو کەسانەی کرد.
لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا، عەبدولقادر کەربەلایی، یاریدەدەری سەربازیی بزووتنەوەی نوجەبا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رەخنەی لە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە گرت و بە "پێشینەیەکی مەترسیدار" ناوی برد کرد و گوتی: "ناکرێ لە ئاست ئەم رێکارانەدا بێدەنگی هەڵبژێردرێ."
بزووتنەوەی نوجەبا یەکێکە لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و نزیکە لە ئێران. ئەکرەم کەعبی کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەکەیە.
ئەو بزووتنەوەیە لە پاڵ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و گرووپی ئەسحابولکەهف، بەتەواوی پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت رەت دەکەنەوە و ئامادەنین چەکەکانیان بخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.


