رووداو دیجیتاڵ
دوو هاووڵاتیی ئەمریکی دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا داوایان لێکردوون شارەکە جێبهێڵن و پێیان گوتوون، مەترسییان لەسەرە، بۆیە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لە بەرامبەردا سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، بەغدا ئارامە و ئەوەی بەرامبەر ئەو دوو هاووڵاتییە کراوە "رەفتارێکی تاکەکەسی بووە".
دوو ڤلۆگەری ئەمریکی بە ناوەکانی ئێمیلی و لاریدۆ، قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و دەڵێن، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دابەزیون، بۆ ئەوەی سەردانی چەند ناوچەیەکی عێراق بکەن.
ئەو دوو هاووڵاتییە بە رووداویان گوت، چەند کاژێرێک لە شارەکە بوون و هیچ کێشەیەکیان نەبووە، بەڵام ئێوارەکەی لە هۆتێلەکەیانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و گوایە لەلایەن کارمەندانی هەواڵگری و پۆلیسەوە پێیان گوتراوە: "ئێوە مۆڵەتتان نییە و مەترسیی ئەمنیتان لەسەرە، دەبێت بەغدا جێبهێڵن." بۆیە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان .
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە دەکەین. ئەو هەڵسوکەوتەی بەرامبەر ئەو دوو کەسە بیانییە کراوە، رەفتارێکی تاکەکەسی بووە و قبووڵکراو نییە."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتیشی: " کێشەکەیان چارەسەر دەکەین. هەزاران کەسی بیانی لە عێراق و بەغدا نیشتەجێن و هیچ کێشەیەکیان نییە. بەغدا ئارامە و هیچ مەترسییەک بوونی نییە."
ژمارەی پەیوەندی ئیمێلی بە سەعد مەعن درا و دوایی ئێمیلی بە رووداوی گوت: "سەعد مەعن پەیوەندی پێوەکردم و پێی راگەیاندنم کە بەغدا ئارامە و هیچ کێشەیەک نییە، ئەوەی کراوە رەفتارێکی تاکە کەسی بووە".


