رووداو دیجیتاڵ
بانکی رەشید کە دووەم گەورە بانکی حکومییە لە عێراق دەڵێت، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی بنکەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە، بۆ هەر رۆژێک دوو ملیۆن دینار بخەنە سەر کارتەکانیان.
بانکی رەشید، رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بۆ ئاسانکاریی کڕیاران و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، رێگەمان داوە کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە رێگەی ئەو بنکە و ئامێرانەی (POS) کە لە بەغدا و پارێزگاکان هەن، پڕبکرێنەوە".
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، هەر خاوەن کارتێک دەتوانێت رۆژانە تاوەکو بڕی دوو ملیۆن دیناری عێراقی بخاتە سەر ئەژمارەکەی.
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی ماوەیەکی زۆرە گوشار دەخەنە سەر بانکەکان تاوەکو خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان فراوان بکەن.
بەکارهێنانی (ماستەرکارد) و (ڤیزاکارد) لە عێراق زیادی کردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەت بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەران تەنیا لە رێگەی کارتەوە دابەش بکرێت.


