رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا رایگەیاند، پابەندی بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقن سەبارەت بە تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانی و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەنێوخۆی وڵاتدا.
حەیدەر غەڕاوی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی (ئەنساروڵڵا ئەوفیا)، رۆژی پێنجشەممە (1ی تشرینی یەکەمی 2026) لە راگەیێندراوێکدا بە بۆنەی رۆژی سەروەریی عێراقەوە رایگەیاند: "بەم بۆنەیەوە کە عێراق دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانی لە رێگەی تەواوکردنی سەروەری و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە بوونێکی بیانی بەدەستهێناوە، پابەندیی خۆمان بە راگەیێندراوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان رادەگەیێنین."
ئەمینداری گشتیی ئەو گرووپە چەکدارە راشیگەیاند، ئەم هەڵوێستەیان پاڵپشتە بەو وادەیەی کە لەنێوان گرووپەکان، لیژنەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حکومەتدا لەسەری رێککەوتوون.
گوتیشی: "پابەندین بەوەی هەموو کارە سەربازییەکان لەنێوخۆی عێراقدا کۆتایی پێبهێندرێت، ئەوەش بەپێی ئەو (کاخەزە سەروەرییەی)کە رێککەوتنی لەسەر کراوە."
حەیدەر غەڕاوی دەستخۆشی لە هەوڵەکانی حکومەت و سەرۆکوەزیرانی عێراق و هێزە سیاسییەکان کرد بۆ پێداگرییان لەسەر دەرکردنی هێزە بیانییەکان و جەختی کردەوە کە "ئەم دەستکەوتە بە خوێنی تێکۆشەران و قوربانیی عێراقییەکان هاتووەتە دی. وەک پشتیوانێکی بەهێز بۆ دەوڵەت و سەروەریی عێراق دەمێنینەوە."
حکومەتی عێراق رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی وەک (رۆژی سەروەری) دیاریکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی رێککەوتن کرا بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا ئەوفیا" یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی کە پێشتر لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کاری کردووە.



