رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هێرشەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە؛ هاوکات وردەکاریی دیدارەکانی شاندی عێراق و کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نیویۆرک خستەڕوو.
دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە واشنتن، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پرسیاری لەبارەی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق لە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کرد.
بەرپرسیارێتیی پاراستنی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە نەبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان و مەترسیی هێرشی گرووپە چەکدارەکان یان ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە لێدوانێکی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و گوتی: "ئەو خۆی دووپاتی دەکاتەوە کە ئێمە بەشێکین لە وڵاتەکە، بەشێکین لە عێراق، و ئەرکی حکومەتی عێراقیشە کوردستان بپارێزێت."
فوئاد حوسێن روونیکردەوە ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە. فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد: "کاتێک هێرش دەکرێتە سەر هەر بەشێکی عێراق، ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگری لەوە بکات و رووبەڕووی ببێتەوە."
وردەکاریی کۆبوونەوەکانی ئەمریکا
لەبارەی کۆبوونەوەی داخراوی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، فوئاد حوسێن باسی لەوە کرد ئاگاداری هەموو ئەو کۆبوونەوانە و ئەو پرسانەن کە تاوتوێ کراون.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، شاندەکەیان چەندین کۆبوونەوەی جیاوازی هەبووە؛ لەوانە کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەروەها مێزگردێک بە بەشداریی ترەمپ و هەندێک لە سەرۆکەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
فوئاد حوسێن گوتیشی، ترەمپ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی عێراق، میسر، لوبنان و تورکیا سازکردووە، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیە تایبەت نەبووە بە عێراق، بەڵکو ترەمپ گوتارێکی تێدا پێشکێش کردووە لەسەر دۆخی تەواوی ناوچەکە.
مەترسییە ئەمنییەکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـدا زیادیان کردووە؛ بەتایبەت کە گرووپە چەکدارەکان بەردەوامن لە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک لە ناوچەکەدا.
هاوکات بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ترسی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکردووە. لە کاتی ئێستادا ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی نین بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکان، هەر بۆیە شاندی عێراق لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە هەوڵی بەدەستهێنانی دڵنیایی ئەمنیدان.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی دیار کوردە و د. فوئاد حوسێن:
دیار کوردە، پەیامنێری رووداو: یەکەم پرسیارم؛ ئێمە تێبینیمان کرد لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەنیا لەگەڵ وەرگێڕەکەی بەشداریی کرد. بۆچی بەتەنیا چوونە نێو ئەو کۆبوونەوەیە؟ ئایا هیچ وردەکارییەکتان لەسەر ئەم دیدارە هەیە؟ ئایا لە کۆبوونەوەکەدا باسی گرووپە چەکدارەکانی عێراق کراوە؟
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق: ئێمە چەندین کۆبوونەوەی جیاوازمان هەبوو. کۆبوونەوەی فەرمیی خۆمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە نیویۆرک کرد، پاشانیش بەشداریمان لە مێزگردێک کرد کە بەشێک لە سەرۆکەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و سەرۆک ترەمپ بەشداربوون. هەروەها کۆبوونەوەیەکی دیکەش لەنێوان سەرۆکوەزیران و سەرۆک ترەمپ کرا. بێگومان، ئێمە ئاگاداری هەموو ئەو پرسانەین کە لەنێو کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ کراون. بێگومان، کۆبوونەوەکە لەگەڵ وەزیری دەرەوە لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دۆخی عێراق و هەموو ئەو بابەتانەوە بوو کە باسکران، بەڵام ئەو کۆبوونەوەیەی کە سەرۆک ترەمپ لەگەڵ سەرجەم سەرکردەکان، سەرکردەکانی عێراق، میسر، لوبنان و تورکیا سازی کرد، لەبارەی ناوچەکەوە گوتارێکی پێشکێش کرد.
دیار کوردە، پەیامنێری رووداو: پرسیاری دووەمم؛ ئەمریکا هەرێمی کوردستان و عێراقی بەبێ هیچ سیستمێکی بەرگری جێهێشتووە، و نیگەرانییەکی زۆر لەنێو پارتە سیاسییەکانی کورد، تەنانەت سەرکردە کوردەکان و سەرکردە عێراقییەکانیشدا هەیە کە ئێستا ئاسمانی کوردستان بەڕووی هەر مووشەکێک یان درۆنێکی گرووپە چەکدارەکاندا کراوەیە، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان. ئایا هیچ بەڵێنێکتان لە ئەمریکاوە وەرگرتووە بۆ فرۆشتنی هەر سیستمێکی بەرگری پێتان؟ هەروەها وەکو حکومەتی عێراق هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵدەگرن بۆ دابینکردنی ئەم سیستمە بەرگرییانە بۆ هەرێمی کوردستان؟
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق: گوێم لە هەڤپەیڤینەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو لە میدیادا و راگەیێندراوەکەیشیم خوێندەوە. کەواتە ئەو خۆی دووپاتی دەکاتەوە ئێمە بەشێکین لە وڵاتەکە، بەشێکین لە عێراق و ئەرکی حکومەتی عێراقیشە کوردستان بپارێزێت. ئەوە بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراق و هەروەها بێگومان هێزەکانی پێشمەرگەش دەبێت. کاتێک هێرش دەکرێتە سەر هەر بەشێکی عێراق، ئەرکی حکومەتی عێراقە رێگری لێبکات و رووبەڕووی ببێتەوە.


.webp&w=3840&q=75)
