رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەمریکا بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق وەکو سەرکەوتنێکی گەورەی واشنتن و بەغدا پەسن دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1-10-2026، جەی دی ڤانس لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، خۆشحاڵیی خۆی بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق.
کۆتاییهاتنی 23 ساڵ مانەوەی سەربازی
جەی دی ڤانس کە پێشتر وەکو سەرباز لە عێراق خزمەتی کردووە، باسی لەوە کرد، بڕیارەکەی ترەمپ کۆتایی بە 23 ساڵ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هێنا.
لە پەیامەکەیدا هاتووە: "راگەیێندراوەکەی دوێنێی سەرۆک ترەمپ کۆتایی بە 23 ساڵ بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق هێنا؛ ئەمە نەک تەنیا بۆ من بابەتێکی تایبەتە، بەڵکو بۆ ئەو ملیۆنان پیاو و ژنە ئازایەی هێزەکانمان گرنگە کە بە دڵسۆزییەوە خزمەتی وڵاتە مەزنەکەمانیان کردووە و دەکەن."
ڤانس ئاماژەی بەوەش کردووە، کارکردن وەکو سەرباز لە عێراق ئەو کەسایەتییەی بۆ دروستکردووە کە ئەمڕۆ هەیەتی و نووسیویەتی: "شانازی دەکەم سەربازێکی دێرینی هێزی مارینزی ئەمریکام."
ستایشی بڕیارەکەی ترەمپ و تێکشکاندنی داعش
جێگری سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی ترەمپی کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و سڕینەوەی یەکجاریی خەلافەتی داعش.
ڤانس روونیکردەوە بەپێی بڕیارەکەی ترەمپ، ئۆپەراسیۆنی (چارەسەری بنەڕەتی) بە فەرمی کۆتایی هاتووە و گوتی: "وەکو سەرۆکی ئەمریکا باسی کرد، ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتی بە فەرمی کۆتایی هات، ئەمەش سەرکەوتنە بۆ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و عێراق."
مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مێژوویەکی 23 ساڵەی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2003 و پرۆسەی رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن. دواتر لە ساڵی 2014، کاتێک چەکدارانی داعش نزیکەی سێیەکی خاکی عێراق و سووریایان کۆنترۆڵکرد، ئەمریکا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشی لەژێر ناوی (ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتی ( OIRپێکهێنا.
لە دوای تێکشکاندنی سەربازیی داعش، بەغدا و واشنتن لەمساڵدا چەندین خولی گفتوگۆیان سازکرد تاوەکو لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ئەرکی سەربازیی ئەو هاوپەیمانێتییە لە عێراق لە 30ـی ئەیلوولی 2026 بە فەرمی کۆتایی بێت.
بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و کشانەوەی هێزەکان، قۆناخێکی نوێی پەیوەندییە ئەمنی و دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەستپێدەکات کە زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەندیی دووقۆڵی و راوێژکاری دەبێت، نەک بوونی هێزی شەڕکەری بیانی لەنێو خاکی عێراقدا.

.webp&w=3840&q=75)
