رووداو دیجیتاڵ
محەممەد جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە تۆمەتی "دەستکەوتنی پارە بە رێگەی ناشایشتە و شاردنەوەی زانیاری"، بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا درا و 28 ملیار دیناریشی لێ وەردەگیرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەسپاکیی عێراق وردەکاریی سزادانی ئەو پەرلەمانتارەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی دەستەکە، جگە لە سزای حەوت ساڵ بەندکردن بە تۆمەتی دەستکەوتنی پارە بەشێوەی ناشایستە، ئەو پەرلەمانتارە دەبێ ئەو بڕە پارەیەی کە بە نا شایستەیی دەستیکەوتووە، لەگەڵ هەمان بڕ وەک پێبژاردن بگەڕێنێتەوە، کە بە هەردووکیان زیاتر لە 28 ملیار دینارە.
بڕی ئەو پارەیەی کە پەرلەمانتارەکە، وەک دەستەی دەسپاکی دەڵێت، بە ناشایستە دەستیکەوتووە 11.7 ملیار دینار و 1.7 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەو پەرلەمانتارە بە تۆمەتی شاردنەوەی زانیاری، سزایەکی دیکەی بەسەردا دراوە کە سێ ساڵ زیندانیکردنە، ئەوە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی.
محەممەد جبووری، ئەندامی فراکسیۆنی تەقەدومە لە پەرلەمانی عێراق و لە هەڵبژاردنی 2025 لە بازنەی نەینەوا 15 هەزار و 722 دەنگی بەدەستهێنابوو. ناوی لەنێو ئەو 47 پەرلەمانتار و بەرپرسەدا بوو کە لە 28ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران.

