رووداو ديجيتاڵ
گوتەبێژی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، هیچ گەرەنتییەک نییە کە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق تووشی هەڕەشە نەبێتەوە. دەشڵێت، ئەرکی بەغدایە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
حوسام حوسنی، گوتەبێژی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەرەنتی 100% نییە لەدوای کشانەوەی هاوپەیمانان عێراق رووبەڕووی هەڕەشە نەبێتەوە، بەڵام گەرەنتی جێگیر ئاستی لێکتێگەیشتنی پێکهاتەکان و هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە لەسەر پەیڕەوێکی نیشتمانیی یەکگرتوو".
حوسام حوسنی گوتی: "متمانە دۆخی ئەمنی دروست دەکات نەک بوونی سەربازیی".
30ی ئەیلوول دوا کاتی کشانەوەی هاوپەیمانانە لە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای 12 ساڵ لە مەشقپێکردن بە هێزە ئەمنییەکان و بەشداریکردن لە شەڕی داعش لە عێراق.
گوتەبێژی رەوتی حیکمە رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، کە ئاسمانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەت بپارێزن، ئەگەر رووبەڕووی هێرش ببێتەوە و ئەو هێرشە لەدەرەوە بێت یان نێوخۆیی بێت. گوتیشی، لە گفتوگۆ لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانیش لە چوارچێوەی سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، گەرەنتی هەیە بۆ ئەوەی کە هێرش نەکرێت.
لەسەروبەندى ئامادەکاریی هاوپەیمانان بۆ کشانەوە لە عێراق، سەرۆک مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا مەترسیی خۆی لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 دەربڕی کە دەرکەوتنی داعش بوو و گوتی: "ساڵی 2014 دوای ئەوەی داعش هات، حکومەتی عێراق پەیوەندی بە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا و ناتۆ کرد و گوتیان وەرن بۆ خاتری خوا هاوکاریمان بکەن."
گوتەبێژی رەوتی حیکمە رایگەیاند ئەوەی کە سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێداوە لە نیگەرانی و مەترسی بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە چوارچێوەی سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکاندایە، بەوپێیەی کە خاکی عێراق دەچێتە ژێر سەروەریی هێزە ئەمنییەکان دەبێت لە پۆلیس و سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و لەبارەی ئەوەی هاوپەیمانان دەستەبەری دەکرد لە پاراستنی ئەمنی و سەربازی بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، وەک مەترسی "جێگەی تێگەیشتنە".



