رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا رایگەیاند، لەم هەفتەیەوە دەستیکردووە بە گەیاندنی بەنزینی هاوردەکراو بۆ عێراق لە رێگەی تەنکەرەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمز، بازرگانیی دەریایی نەوت لە کەنداودا پەکیکەوتووە.
پرۆسەکە چۆن دەکرێت؟
•رێگەی گواستنەوە: بەنزینەکە سەرەتا بە کەشتی دەگاتە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای نێوەڕاست لە سووریا، لەوێ دەخرێتە نێو تەنکەر و لە رێگەی وشکانی و بە دەروازەی سنووریی تەنەفدا دەگەیێندرێتە نێو خاکی عێراق.
•ژمارەی تەنکەرەکان: رۆژی پێنجشەممە کاروانەکە بە 57 تەنکەر دەستیپێکردووە، بەڵام پلانیان داناوە رۆژانە بیگەیەننە 200 تەنکەر.
•رۆڵی قەتەر: کۆمپانیایەکی قەتەری بەنزینەکە لە وڵاتانی جیهان دەکڕێت و حکومەتی سووریاش لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئەرکی گواستنەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
بۆچی عێراق ئەم کارە دەکات؟
بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، کەشتییەکان ناتوانن بە ئاسانی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، ئەمەش وایکردووە عێراق پەنا بۆ خاکی سووریا ببات بۆ هەناردە و هاوردەکردنی سووتەمەنی.
لە مانگی نیسانەوە عێراق رۆژانە نزیکەی هەزار و 200 تەنکەر نەوتی خاو بە نێو سووریادا دەنێرێتە دەرەوە بۆ ئەوەی خۆی لە گەمارۆی ئەو تەنگەیە بەدوور بگرێت؛ ئێستاش بە پێچەوانەوە، لە هەمان رێگەوە بەنزین بۆ نێوخۆی عێراق دەهێنرێتەوە.
هاوکات هەردوو وڵات لە هەوڵی ئەوەدان بۆرییەکی کۆنی نەوتی نێوانیان چاکبکەنەوە، تاوەکو لە بری تەنکەر، نەوت راستەوخۆ بە بۆری لە نێوان عێراق و سووریادا بگوازرێتەوە.



