رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی گەیشتووەتە لێکگەیشتن بۆ بەردەوامبوونی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ وڵاتەکەی، هەروەها دڵنیایی دا کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بارێکی نوێی دۆلاری کاش دەگاتە بەغدا.
رۆژی شەممە، 26ی ئەیلوولی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق ئاشکرای کرد: "یەکێک لە دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، گەیشتن بوو بە لێکگەیشتن لەسەر بەردەوامیی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە دابینکردنی پێداویستییە رەواکان لە دراوی بیانی."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی دابینکردنی دراوی بیانی بۆ بازاڕەکان بەردەوام دەبێت و گوتیشی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێی دۆلاری کاش دەگاتە وڵات."
سەبارەت بە پاشخانی ئەم لێکگەیشتنەی نێوان بەغدا و واشنتن، حەیدەر عەبوودی روونی کردەوە: "ئەم هەنگاوە لە ژێر رۆشنایی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەدایە کە عێراق لە بەهێزکردنی سیستمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار، رێکخستنی بەکارهێنانەکانی و بنبڕکردنی حاڵەتەکانی بەکارهێنانی خراپ لە نەختینەی بیانی بەدەستیهێناوە."
گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، فراوانکردنی بەکارهێنانی کەرەستەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و هەنگاونانی قۆناخ بە قۆناخ بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی، رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بەدەستهێنانی ئەم متمانە داراییە لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا.


