رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، دواکەوتنی دابەشکردنی پارەی جووتیاران بەمەبەست نەبووە و لەمەودوا شایستە داراییەکانیان بە شێوەی "مانگانە" دابەش دەکرێ.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رۆژی شەممە (26ی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆسیەی پارەی جووتیاران لە تایبەتمەندیی وەزارەتی بازرگانی و داراییە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکات."
قوسەی حەتاب گوتی: "هەموو پارێزگاکان هاوشێوەی یەک گرنگن".
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق راشیگەیاند: "ئێمە دژی دواکەوتنی پارەی جووتیارانین. ئەو دواکەوتنەش روویداوە لەلایەن حکومەت یان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە بەمەبەست نەبووە".
بە گوتەی قوسەی حەتاب، عەبدولڕەحیم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ وەزیری بازرگانی و ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە گفتوگۆی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی شایستەی جووتیاران لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێ.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ: "جووتیارانی عێراق ئەرکێکی زۆری دارایی و قەرزیان لەسەرە، بۆیە پێویستە شایستەکانیان بۆ خەرج بکرێ تاوەکو بتوانن بۆ وەرزی نوێی چاندن ئامادەکاری بکەن".
قوسەی حەتاب گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران فەرمانی کردووە شایستە داراییەکانی جووتیاران بە شێوەی بڕە پارەی مانگانە و رێکخراو خەرج بکرێ؛" گوتیشی: "هاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی داهاتوودا ئەم کێشەیە دووبارە نەبێتەوە".
رۆژی 13ـی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بڕی 500 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ خەرج دەکرێ.
وەزارەتەکە بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی سەرجەم قەرز و شایستە داراییەکانی کەرتی کشتوکاڵ لە مانگەکانی داهاتوودا.
لە 18ی ئابی 2026دا وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی 350 ملیار دیناری وەک پارەی گەنمی ساڵی 2025 خەرجکرد، کە بڕی 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.



