رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێت، قبووڵ ناکەن عێراق بەشدار بێت لەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ئێران؛ داواش لە حکومەت و پەرلەمان دەکات هەڵوێستێکی یەکگرتوو و نیشتمانییان هەبێت.
رۆژی شەممە، 26ـی ئەیلوولی 2026، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: "جێگەی نیگەرانییە و بەتەواوی رەتکراوەیە کە ببینین ئێران بەوشکانی، دەریایی و ئاسمانی گەمارۆ دراوە و عێراقیش تەنیا بینەر بێت یان بەشداری لەو گەمارۆیە دا بکات." ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئایینییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێگە بەم جۆرە مامەڵەیە نادەن.
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی: "دەبێت هەڵوێستی عێراق هاوشێوەی ئەو هەڵوێستانە بێت کە پێشتر بەرامبەر گەمارۆکانی گەلانی وەک تورکیا و ئەفغانستان هەیبووە." گوتیشی: "پێویستە بڕیارێکی سەروەری و مرۆیی دوور لەترس و هەڕەشە بدرێت." داواش لەهێزە سیاسییەکان دەکات یەکڕیز بن و دووربکەونەوە لەتۆمەتبارکردنی یەکدی.
قەیس خەزعەلی داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە، بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن و رێگە نەدەن عێراق ببێتە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە زیان بەگەلانی ناوچەکە دەگەیێنن.
رۆژی 20ـی ئەیلوول سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، لە 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لەجیهان دا دادەخرێن. بڕیارەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق و زۆر وڵاتی دیکە بۆ ئێران راگیراون.



