رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ، دوای تەواوبوونی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عێراق دەچێتە "قۆناخێکی نوێ" و پلانێکی نوێ بۆ سنووردارکردنی چەک جێبەجێ دەکرێ کە تاوەکو حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێ. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێ، بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وڵاتەکەی دەست بە قۆناخێکی نوێ دەکات و گوتیشی، گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لەبارەی رادەستکردنی چەک بەردەوامە. وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەغدا پلانێکی نوێ لەم دۆسیەیەدا پێشکەش دەکات و رایگەیاند: "پرۆسەی سنووردارکردن و کۆکردنەوەی چەک بەدەست دەوڵەتەوە تاوەکو حوزەیرانی 2027 تەواو دەبێت؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە "پرسی رادەستکردنی چەک، بابەتێکی نێوخۆی عێراقە." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن تیشکی خستە سەر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران و رایگەیاند، بەغدا لەگەڵ ئەمریکا پرسی سزاکان تاوتوێ دەکات بە مەبەستی رێگەدان بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران. وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، حکومەتی عێراق لایەنی ئێرانی لە پرسی قەدەخەکردنی فڕین ئاگادارکردووەتەوە، ئەوەش لە ژێر رۆشنایی ئەو سزا نوێیانەی ئەمریکادایە کە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران و ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی کردووەتە ئامانج کە خزمەتگوزاری پێشکێشی فڕۆکە سزادراوەکانی ئێران دەکەن. سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگ و گرژییەکانی ئێران لەسەر ناوچەکە و عێراق، وەزیری دەرەوە هۆشداری دا و گوتی: "ئابووریی عێراق یەکەمین قوربانیی ئەو جەنگەیە کە ئێستا ئێران تێیدایە." فۆئاد حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، چونکە دروستبوونی ئاڵۆزی لە تەنگەکەدا مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ بەغدا، بەو پێیەی وەک سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکانی، پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت."
عێراق25-09-2026بەدواداچوونی رووداو؛ سزاکەی ئەمریکا رۆژانە 47 گەشت لەنێوان عێراق و ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە
عێراق25-09-2026دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: لەئۆپەراسیۆنی سێبەری دادوەری زیاتر لەهەزار تۆمەتبار دەستگیرکراون