رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق دەڵێ، بڕگەی بەهەمیشەییکردنی سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست و فەرمانبەرانی کرێی رۆژانە، لەنێو رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 جێگیر کرا.
رۆژی یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجەدا، وەزیری دارایی بڕیاری لەبارەی چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست لە عێراق راگەیاند.
وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە دوای کارکردنێکی بەردەوامی فەرمانگە تایبەتمەندەکانی وەزارەتی دارایی هات کە بریتی بوون لە "سەرژمێریکردن، وردبینیکردنی تەواوی داتا و ژمارەی کارمەندانی گرێبەست لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، هەژمارکردنی تەواوی تێچووی دارایی کە لە ئەنجامی بەهەمیشەییکردنیان دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت، هەروەها دابینکردن و مسۆگەرکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست لەنێو خشتەکانی بودجەدا."
فالح ساری لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: "وەزارەتی دارایی بە بەرپرسیارێتییەکی باڵاوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی گرێبەستەکاندا کردووە و توانیی سەرجەم پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی تەواو بکات، بەم شێوەیەش دۆسیەکە لە قۆناخی داواکارییەوە گوێزرایەوە بۆ قۆناخی رێکارە فەرمییەکان لە رێگەی جێگیرکردنی راستەوخۆی دەقی بەهەمیشەییکردنیان لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا."
رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ژمارەی گرێبەستەکان لە عێراق نزیکەی 250 هەزار کەسە؛ هەروەها لە هەرێمی کوردستان 87 هەزار گرێبەست هەن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

