رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە شەش هاووڵاتیی فەڕەنسی لە عێراق دادگایی بکرێن، هاوکات لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتە بەرپرسیارێتیی دادگاییکردنی هەزاران ئەندامی گومانلێکراوی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ئەستۆ دەگرێت.
سەرچاوەیەکی دادوەریی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە شەش هاووڵاتیی فەڕەنسی دادگایی بکرێن.
زیندانەکانی عێراق، کە پێشتریش پڕ بوون لە تۆمەتبارانی داعش، لە پارەوە هەزاران دەستگیرکراوی دیکەیان لە سووریاوە بۆ گوێزراوەتەوە. ناسنامەی ئەو کەسانە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەڵام ئەوان بەشێکن لە گرووپێکی 47 هاووڵاتیی فەڕەنسی کە پار لە سووریاوە گواسترابوونەوە بۆ زیندانەکانی عێراق.
بە گوێرەی میدیای فەرەنسا، ئەو گرووپە گەورەیە ئەدریان گیهال لەخۆدەگرێت، کە لەسەر ناوی داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی ساڵی 2016ی شاری نیسی لە ئەستۆ گرتبوو.
لە ساڵی 2014دا داعش بەشێکی زۆری سووریا و عێراقی داگیرکرد و کۆمەڵکوژیی ئەنجامدا.
ساڵی 2017، عێراق بە پاڵپشتیی هێزەکانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، هەروەها هێزەکانی سووریای دیموکرات دوو ساڵ دواتر لە سووریا بە تەواوی شکستیان بە گرووپەکە هێنا.
پرسێکی مشتومڕاوی
ساڵی 2019، لە عێراق 11 هاووڵاتیی فەڕەنسی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، کە دواتر سزاکەیان گۆڕدرا بۆ زیندانیی هەتاهەتایی.
هەندێک لە گرووپەکانی مافی مرۆڤ دادگاییکردنی کەیسەکانی تیرۆریان لە عێراق بە پەلە و بەبێ رەچاوکردنی رێکارە یاساییە دروستەکان ناوبردووە.
لە فەڕەنسا، کە بەردەوام ئامانجی هێرشە جیهادییەکان بووە، گەڕاندنەوەی گومانلێکراوانی داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان پرسێکی مشتومڕاوی بووە.
رۆژی پێنجشەممە، ژمارەیەک پارێزەری فەڕەنسی داوای گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە فەڕەنسییانەیان کرد کە لە عێراق دەستبەسەرکراون و هۆشدارییان دا لەوەی رەنگە رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببنەوە.
لە مانگی شوباتدا، زیاتر لە 5,700 دەستگیرکراوی داعش لە زیاتر لە 60 وڵات لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە گوازرانەوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی چەندین ساڵ لە زیندانەکانی سووریادا بوون کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەڕێوە دەبران.
لە نێویاندا لانیکەم پێنج هاووڵاتیی فەڕەنسی هەبوون، کە هەندێکیان تەمەنیان لە خوار هەژدە ساڵەوە بوو کاتێک دایک و باوکیان چوونە ناو داعش.
لەم مانگەدا، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵیاندا تەواو کردووە و دۆسیەکانیان دەچنە قۆناخی دادگاییکردنەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 450 هاووڵاتیی سووری ئازاد دەکرێن دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزییەوە کە شایستەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بێت لە دژیان.
لە مانگی نیساندا، عێراق دوو دەستگیرکراوی بیانیی، خەڵکی فینلاند و ئەمریکای، رادەستی وڵاتەکانیان کردەوە دوای ئەوەی لە هەموو گومانێک بێبەری کران.


