رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی دۆخی ئەمنی، بوونی شانە نووستووەکانی داعش و هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر کۆمپانیا بیانییەکان، عێراق لای وڵاتان و کۆمپانیا ئەورووپییەکان هێشتا وەک "ناوچەی سوور" پۆلێن دەکرێت؛ دەشڵێت 95٪ـی وەبەرهێنانی ئێستا لەلایەن کەرتی تایبەتی ناوخۆییەوە دەکرێت.
د. سالار محەممەد، جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە ئاستەنگ و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە دوای ساڵی 2004ـەوە کەرتی تایبەت پشکی شێری لە ئاوەدانکردنەوەدا هەبووە، بەتایبەت لە کەرتی نیشتەجێبوون و خانووبەرەدا، کە زۆرترین قازانج و زووترین گەڕانەوەی سەرمایەی هەیە.
جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "لەوەتەی سەردەمی پاشایەتی و عەبدولکەریم قاسمەوە تاوەکو ساڵی 2008، دەوڵەت نەیتوانیبوو 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکات، بەڵام کەرتی تایبەت گۆڕانکاریی گەورەی کرد؛ مۆدێلی نیشتەجێبوونی باڵەخانەی ستوونیش سەرەتا لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد و دواتر ئەو ئەزموونە سەرکەوتووە چووە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور."
دکتۆر سالار محەممەد ئاشکرای کرد کە بەشێک لە بەرپرسانی بەغدا بە مەبەست نەیاندەویست بەرهەمی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بگاتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، و گوتی: "لە بازگەکان بە بیانووی نەدانی گومرگ رێگری لە کاڵای کوردستان دەکرا، بەڵام ئامانج لێی سەرانەسەندن و وەرگرتنی بەرتیل بوو. لەم دواییانەدا لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنمان کرد و لیژنەیەکی هاوبەشمان بۆ پشکنین و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی کوردستان پێکهێنا، کە بەهۆیەوە 75٪ـی کێشەکان چارەسەر کران."
سەبارەت بە پشکی کۆمپانیا بیانییەکان، جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە کە بەهۆی کێشەی ئەمنی و دواکەوتوویی سیستمی بانکی لە عێراق بۆ گواستنەوەی دراو، 95٪ـی وەبەرهێنانەکان ناوخۆیین و تەنیا 5٪ـیان لە وڵاتانی عەرەبییەوە هاتوون (وەک ئیمارات، سعوودیە، ئوردن و میسر) کە لەم دواییانەشدا وەبەرهێنەرانی وەک نەجیب ساوێرس و تەڵعەت مستەفا چوونەتە نێو کەرتی نیشتەجێبوونی عێراقەوە.
د. سالار محەممەد هۆشداری دا لە کاریگەرییەکانی گرژییەکانی گەرووی هورمز لەسەر ئابووریی عێراق و گوتی: "نزیکەی 95٪ـی هاوردەی عێراق لەو گەرووەوە دێت. ئێستا تێچووی گواستنەوە سێ بۆ چوار هێندە زیادیکردووە؛ بۆ نموونە کرێی گواستنەوەی کۆنتینەرێک لە چینەوە بۆ بەندەری بەسرە لە 2,500 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 8,000 دۆلار بەرزبووەتەوە. ئەمەش بازاڕی عێراقی لاواز کردووە و هانمان دەدات بیر لە رێگەی جێگرەوە وەک تورکیا و بەندەری عەقەبە بکەینەوە."


