رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای زیقار لە باشووری وڵاتەکە، کەسێکیان دەستگیرکردووە کە خۆی وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ناوخۆ ناساندووە و پۆستی فەرمیی دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان بەکارهێناوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە، 31ی تشرینی یەکەمی 2026، مەفرەزەکانی هەواڵگریی ناوخۆ لە پارێزگای زیقار، دوای بەدواداچوونی ورد، توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (مورتەزا فازڵ حەسناوی) ناسراو بە "شەتری" دەستگیربکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، تۆمەتبارەکە بە شێوەیەکی نایاسایی ناونیشانی "بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری ناوخۆ"ی بەکارهێناوە، بەو پێگەیەوە هەوڵی داوە دەستوەردان لە کاروباری فەرمانگەکاندا بکات و هاووڵاتییان هەڵبخەڵەتێنێت.
ئێستا تۆمەتبارەکە دەستبەسەرە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە تاوەکو رەوانەی دادگە بکرێت.
بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 لە یاسای سزادانی عێراقدا، هەر کەسێک بە ناڕەوا و بەبێ هەبوونی سیفەتی فەرمی خۆی وەک فەرمانبەر یان بەرپرسێکی حکومی بناسێنێت، زیندانیکردن سزا دەدرێت کە لە هەندێک باردا دەگاتە 10 ساڵ.


