رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڕیاری دا، ساڵی خوێندنی 2025-2026 بە ساڵی دەرنەچوون بۆ هەموو ئەو خوێندکارانە ئەژمار نەکرێت کە نەیانتوانیوە بە سەرکەوتوویی قۆناخەکە ببڕن. ئەندامێکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، لیژنەکەیان ئەو راسپاردەی دابووە وەزارەت .
بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتەکە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، دەرچوە و کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، بڕیارەکە لە پەرۆشییانەوە بووە بۆ داهاتووی قوتابییان و چارەسەرکردنی دۆخی خوێندنیان. بڕیارەکەش هەموو رێگاکانی وەرگرتن بۆ خوێندنی بەیانیان و ئێواران و هەموو قۆناخەکانی خوێندن لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکان دەگرێتەوە.
چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی لیژنەکەیاندا و بە رەچاوکردنی دۆخی هەنووکەیی عێراق، راسپاردەیان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنی (2025-2026) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی عێراق بە ساڵی نەکەوتن هەژمار بکرێ، دوای ئەوەی ، داواکارییەکی زۆریان بەدەست گەیشتووە بۆ ئەوەی ساڵی رابردوو بە نەکەوتن هەژمار بکرێ."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەندامەکەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئەمە دەکەوێتە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان و ئەوان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، دەتوانن جێبەجێی بکەن، یاخود رێکار و بڕیاری تایبەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
بەپێی رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، هەر خوێندکارێکی زانکۆ یان پەیمانگە دوو ساڵ لەسەر یەک دەرنەچێت، ئەوا لە زانکۆ یان پەیمانگاکەی دەردەکرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو خوێندکارانە سوودمەند نابن کە بەهۆی گزیکردن، ساختەکاری یان سزای دیسپلینییەوە دۆسیەیان هەیە. مەرجیش ئەوەیە خوێندکار پێشتر ساڵی دەرنەچوونی نەبێت و سوودمەند نەبووبێت لە هیچ بڕیارێکی پێشووتری گەڕانەوە بۆ خوێندن.
