رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی عێراق فەرمانی دا پشکنینی تایبەت بە مادەی هۆشبەر بۆ سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بکرێت و وەک یەکەم کەسیش لە خۆیەوە دەستیپێکرد و نموونەی خوێنی لێوەرگیرا.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، لیوای هێزە تایبەتەکان یەحیا رەسووڵ عەبدوڵڵا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نایف مەکیف شەممەری، وەزیری بەرگری، فەرمانی داوە بە ئەنجامدانی پشکنینی ئاشکراکردنی مادەی هۆشبەر بۆ سەرجەم کارمەندانی وەزارەتەکە و رێنوێنیشی داوە کە پشکنینەکە بە شێوەیەکی کەسی لە خۆیەوە دەستپێبکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانەدا، "تیمێکی پسپۆڕ لە یەکەی بەڵگەکانی تاوان لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، نموونەی خوێنیان لە وەزیری بەرگری وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە هۆشدارییەکانی نایف مەکیف شەممەری کراوە و تێیدا هاتووە، وەزیری بەرگری جەختی لەوە کردووەتەوە کە "مادەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسیدارترە، بەهۆی ئەو زیانانەی کە هەڕەشە لە کۆمەڵگە و داهاتووی گەنجەکانی دەکەن."
هەروەها وەزیری بەرگریی عێراق پێداگریی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "پێویستە بە توندی رووبەڕووی مادەی هۆشبەر ببینەوە و هۆشیاری لەبارەی مەترسییەکانییەوە بڵاوبکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و لێهاتوویی دامەزراوەی سەربازیدا."

