رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراق بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت رایدەگەیێنێت، کارەکانیان تەواو نەبوون و پێشکێشکردنی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەشیان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو. دەشڵێت، ئەگەر سبەی نەتوانن، هەفتەی داهاتوو لێکۆڵینەوە لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
حکومەت و پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت، لەوانەش لە ناحیەی جورف سەخر دەکەن. هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە فەرمانی پەرلەمانیی ژمارە (198) لە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاری دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی لە سەرۆکانی حەوت لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری.
هەرچەندە بڕیار بوو لیژنەکە ئەمڕۆ راپۆرتی کۆتایی خۆی تەواو بکات و بەرزی بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی کۆبوونەوەکانەوە کارەکانیان دواکەوت.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان و ئەندامی لیژنە کاتییەکە، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راپۆرتی لیژنەکەمان ئەمڕۆ تەواو نابێت و دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو."
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا هەندێک لایەنی دیکە ماون لیژنەکەیان پێویستە لەگەڵیاندا کۆببێتەوە، بۆیە کۆبوونەوەکانیان لەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتووشدا بەردەوام دەبن و هەفتەی داهاتوو راپۆرتەکەیان تەواو دەکەن و پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقی دەکەن.
لەکاتێکدا راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لە بەقاچاخبردنی نەوت لە جورف سەخر، کەرکووک و هەرێمی کوردستان دەکەن، هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "باوەڕ ناکەم ئەم دوو رۆژە فریای هەرێمی کوردستان بکەوین؛ ئەگەر سبەی پێنجشەممە نەبێت، ئەوا لێکۆڵینەوەی لیژنەکەمان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو، دەبێت بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە لیژنەکەمان ئامادەبن."


