رووداو دیجیتاڵ
روانگەی عێراقی سەوز هۆشداری تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، دەرمانی ماوەبەسەرچوو و پاشماوەی پزیشکی فڕێی دەدرێنە نێو رووبارەکان.
عومەر عەبدولـلەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"بەگوێرەی راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی عێراق، لەناوبردنی دەرمان بە شێوەیەکی نادروست بەڕێوەدەچێت و پاشماوەی پزیشکی لە رێگەی ئاوەڕۆوە فڕێ دەدرێتە نێو رووبارەکان، ئەمەش یەکەمجارە لە چوارچێوەی راپۆرتێکی حکومیدا ئاماژە بەوە دەدرێت."
ئەندامەکەی روانگەی عێراقی سەوز باس لەوە دەکات: "تێکەڵکردنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ خۆڵ و خاشاکی ئاسایی، کارێکی تەواو نادروستە و دەکرێت ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و چەندین مەترسیی دیکە، بەتایبەتی لە کاتی سووتاندنی ئەو خاشاکانەدا."
عومەر عەبدولـلەتیف، ئەوەشی بۆ رووداو خستەڕوو، "پاشماوەی پزیشکی، ژەهرە و راستەوخۆ فڕێ دەدرێتە نێو رووبارەکان. ئێستا لە راپۆرتێکی حکومی و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە باس لەم بابەتە کراوە، ئەمە تەنیا قسەی ئێمە نییە و چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە دواین و رەخنەی زۆریشمان لێگیراوە و قسەکانمان ناڕاست وەسفکراون."
بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی عێراقی سەوز کە پاڵپشت بە راپۆرتی ساڵانەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە، میکانیزمی کاری لیژنەی لەنێوبردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی تایبەتدا رێنوێنیی تایبەتی هەیە.
دەرمانە رەقەکان، وەک حەب، کەپسوول، شووشە یان پلاستیک، پاودەری پزیشکیی پاکژ، ئەمپوول و شەربەتەکان، دەبێت لە رێگەی ئامێری (Shredding Autoclave)ـەوە لەنێوببرێن.
ئەو ئامێرە تایبەتە بە چارەسەرکردنی پاشماوە پزیشکییە مەترسیدار و گوازراوەکان، کە لەنێو خودی دامەزراوەکەدا بە سەلامەتی و لە رێگەی هاڕین و وردکردن و پاکژکردنەوە بە هەڵم، لەنێویان دەبات.
راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە هیچ سووتێنەرێکی پێوانەیی بوونی نییە و ئامێری وردکردنی تایبەت بە لەنێوبردنیش لەکارکەوتووە. لیژنەی پاڵپشتیی لەنێوبردن، ئەو مادانە لە رێگەی هاڕین و پانکردنەوە بە "شۆڤڵ"ێک لەنێودەبات، کە چەند جارێک بەسەریاندا دەڕوات. دواتر، پاشماوەکان بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵ دەگوازرێنەوە و لەگەڵ خاشاکی ئاساییدا تێکەڵ دەکرێن، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی زیان و نەخۆشیی مەترسیدار بۆ هەر کەسێک کە لێیان نزیک بێتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، فڕێدانی دەرمان، مادە پاککەرەوەکان و کەرەستەکانی شوشتنی گورچیلە بۆ نێو ئاوەڕۆکان، دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی رووبارەکان بە هۆکاری نەخۆشی و ژەهر و خێراکردنی گواستنەوەی پەتاکان. ئەم کارە پێچەوانەی یاسای پاراستن و باشترکردنی ژینگە ژمارە 27ـی ساڵی 2009ـە، کە تێیدا هاتووە نابێت هیچ پاشەڕۆیەکی شلی ماڵان، پیشەسازی، خزمەتگوزاری یان کشتوکاڵی، بکرێتە نێو سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی و ژێرزەوی یان ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، تاوەکو دوای چارەسەری پێویست، کە دڵنیایی بدات لەوەی لەگەڵ پێوەرە دیاریکراوەکانی یاسا ژینگەییەکاندا دەگونجێت.



