رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی نەجەف سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر کەسێکدا سەپاند کە گۆشتی بەرازی بە نرخێکی هەرزان و بە ناوی گۆشتی گوێرەکەوە بە هاووڵاتییان فرۆشتبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، تۆمەتبارەکە لە ناحیەی حوڕییەی سەر بە قەزای کوفە لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکراوە و دەست بەسەر 75 کیلۆگرام گۆشتی بەرازیشدا گیراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، تۆمەتبارەکە گۆشتەکەی بە هاووڵاتییان فرۆشتبوو و پێی گوتبوون کە گۆشتی گوێرەکەیە، بەڵام دواتر دەرکەوتبوو کە گۆشتی بەرازە.
8ی ئەیلوولی 2026، هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو گۆشتفرۆشە بڵاوکرایەوە و گوترا، لەلایەن هێزێکی هەواڵگرییەوە دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە بەرازی راو کردبوو و دواتر گۆشتەکەی بە خەڵک فرۆشتبوو.
سزاکەی بەگوێرەی بڕیاری 146ی ساڵی 1998 دەرکراوە، کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو خۆراکانەی زیانبەخشن بۆ تەندروستیی گشتی.
لە ئایینی ئیسلامدا خواردنی گۆشتی بەراز حەرامە.


