رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ئەرکی خۆی 47 ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی پێنج نەخۆشخانەی بەغدا بەخشیوە و دەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کراوە، هەروەها دوو ملیۆن دۆلاری دیکەشی بۆ کڕینی دەرمانێکی پێویست دابینکردووە، کە پارەی بۆ تەرخان نەکرابوو.
رۆژی سێشەممە، عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "خەمڵاندنی تێچووی نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە نەخۆشخانە سەرەکییەکانی بەغدا، بە 47 ملیار دینار دیاریکرابوو بەبێ ئەوەی هیچ تەرخانکراوێکی دارایی لە بودجەی گشتیدا بۆ ئەو مەبەستە هەبووبێت."
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، ئەو نەخۆشخانانەی نۆژەن دەکرێنەوە بریتین لە، نەخۆشخانەی بەغدا لە کۆمەڵگەی پزیشکی، نەخۆشخانەی کازمییە، نەخۆشخانەی کەنەدی، نەخۆشخانەی یەرمووک و نەخۆشخانەی زەعفەرانییە
عەبدولحوسێن مووسەوی رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواوی ئەو بڕە پارەیەی لەسەر ئەرکی تایبەتیی خۆی بەخشیوە و دەستبەجێ تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتریش سەرۆکوەزیران بە شێوەیەکی راستەوخۆ دوو ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە وەزارەتی تەندروستی بۆ دابینکردنی جۆرە دەرمانێکی تایبەت و پێویست، دوای ئەوەی بەهۆی نەبوونی تەرخانکراوی داراییەوە کێشە لە کڕینیدا دروستبووبوو.
سەبارەت بە هۆکاری راگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییە، وەزیری تەندروستی روونیکردەوە کە ئامانج لێی هاندانی لایەن و دەزگاکانی دیکەیە تاوەکو بەشدار بن لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندروستیی وڵاتدا.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بە رۆڵی کەرتی تایبەت کرد و گوتی، "کۆمەڵەی نەخۆشخانە تایبەتەکان هاوئاهەنگییەکی زۆریان نیشانداوە و رەزامەندییان دەربڕیوە کە مانگانە 10 نەشتەرگەری بە خۆڕایی بکەن، لە کاتێکدا پێشتر تەنیا داوای چوار نەشتەرگەرییان لێکرابوو."


