رووداو دیجیتاڵ وەزیری نەوتی عێراق لە پاریس رایگەیاند، وەزارەتەکەی لەگەڵ کۆمپانیا فەرەنسییەکان کار لەسەر چوار پڕۆژەی گەورەی ستراتیژی دەکات، کە کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت، وەبەرهێنانی گازی سرووشتی، چارەسەری ئاوی دەریا بۆ بیرە نەوتییەکان و پڕۆژەیەکی هەزار مێگاواتیی وزەی خۆر لەخۆدەگرن. رۆژی سێشەممە، باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "ئامانجی سەردانی شاندی حکومەتی عێراق بۆ فەرەنسا، پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان و کردنەوەی ئاسۆیەکی فراوانترە بۆ هاوکاری لە دۆسیە جیاوازەکاندا." وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتەکەی ژینگەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا جیهانییەکان فەراهەم کردووە تاوەکو توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردن زیاد بکرێت و گاز بە باشترین شێوە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت. راشیگەیاند کە کۆمپانیا فەرەنسییەکان، لەنێویاندا کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی، لە گەورەترین ئەو کۆمپانیا جیهانییانەن کە لەگەڵ عێراق لە کێڵگەی نەوتیی (ئەرتاوی) کار دەکەن. سەبارەت بە وردەکاریی ئەو پڕۆژانە، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "چوار پڕۆژەی گرنگ هەن کە چاوەڕوانی بەرهەمەکانیانین، یەکەمیان پەرەپێدانی کێڵگەی ئەرتاوییە بە توانای 210 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، دووەمیان وەبەرهێنانی گازە لە پێنج کێڵگە بە توانای 600 ملیۆن پێ سێجای پێوانەیی رۆژانە و بە دوو قۆناخ بەجۆرێک هەر قۆناخێک 300 ملیۆن پێ سێجا بێت، سێیەمیان پڕۆژەی وەبەرهێنان و بەکارهێنانی ئاوی دەریایە بۆ مەبەستی پاڵپێوەنان بە ئامانجی قەرەبووکردنەوەی پەستانی کەمبووەوەی نێو کێڵگەکان، هاوکات پڕۆژەی چوارەمیش پەیوەستە بە وەبەرهێنان لە وزەی خۆر بە توانای 1,000 مێگاوات، کە چووینەتە نێو قۆناخی یەکەمیەوە بە توانای 250 مێگاوات." وەزیری نەوت رایگەیاند، لە کاتی سەردانەکەیاندا بۆ پاریس، کۆنفرانسێک بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە بەشداریی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بەڕێوەچووە و تێیدا باس لەوە کراوە حکومەت هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنانی بیانی لا دەبات و لە ماوەی داهاتووشدا چەندین پڕۆژەی دیکە لە کەرتەکانی نەوت و کارەبا دەخاتەڕوو. یەکەم گەشتی ئەوروپیی عەلی فالح زەیدی بە فەرەنسا دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەرەو ئەڵمانیا بەڕێکەوت. بەرگریی سەربازی، وزە و قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، گرنگترین ئەو پرسانەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات لەگەڵ ئەوروپییەکان بگاتە لێتێگەیشتن و رێککەوتنی لەسەر.