رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە رێگەی دادگای باڵاى فیدراڵییەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی 32 ساڵ لەمەوبەرى ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشوو دەکات، کە رێگری لەوە دەکات بیانییەکان موڵک لە عێراق بکڕن و وەبەرهێنان بکەن.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، 11ى تشرینی دووەمی ئەم ساڵی دیاری کردووە بۆ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایەی کە سەرۆکی وەزیران لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆماری کردووە.
ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشووی عێراق کە زەیدی تانەی لێداوە، لە ساڵی 1994 دەرچووە و سەرجەم ئەو بڕیارانەی راگرتووە کە رێگەى دەدا بەوەی بیانییەک موڵک لە عێراق بکڕێت یان وەبەرهێنان بکات.
بڕیارەکە سزای ئەو کەسانەشی دیاری کردووە کە سەرپێچی بڕیارەکە دەکەن، کە دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو موڵکەی کڕدراوە یان ئەو وەبەرهێنانەی کە لەناو عێراق کردوویانە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانى عێراق دەیەوێت هانی وەبەرهێنان لە ناو عێراق و راکێشانی سەرمایە بدات، ئەو بڕیارەی تانەی لێ داوە رێگرە لەوەی کەسانی بیانی لەناو عێراق موڵک بکڕن یان بەشداربن لە وەبەرهێناندا".




