رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، جارێکی دیکە داوا لە بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆڕەک تیلیکۆم دەکات، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان بپارێزن، ئەوەش پێش کوژاندنەوەی بگۆڕەکانی کۆمپانیاکە.
دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 13ی ئەیلوولی 2026 بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، دوای تەواوبوونی مۆڵەتە دیاریکراوەکە، بگۆڕەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە قۆناخ دەکوژێنێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکانی دژی کۆمپانیاکە، کە دەبێتە هۆی راگرتنی ئەو خزمەتگوزارییانەی بەو بگۆڕانەوە بەستراونەتەوە.
هەر بۆیە، دەستەکە داوا لە بەکارهێنەرانی کۆڕەک دەکات، ئەو ماوەیەی تاوەکو کۆتایی مانگ ماوە بیقۆزنەوە بۆ ئەوەی ژمارەی مۆبایلی کۆمپانیایەکی دیکەی مۆڵەتپێدراو بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان زیاد بکەن، بۆ ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە رێگە بە تۆمارکردنی زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، پشت بەو ژمارە نوێیە ببەستن بۆ وەرگرتنی کۆدی چەسپاندن و نامەکانی پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمارەکان.
سەبارەت بەو ئەپڵیکەیشنانەی کە رێگە بە زیادکردنی زیاتر لە ژمارەیەک نادەن، دەستەکە داوا لە بەکارهێنەران دەکات ئەو ژمارەیەی بۆ پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمار بەکاردێت بیگۆڕن و ژمارەی یەکێک لە دوو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکەی دیکە (ئاسیاسێڵ یان زەین عێراق) بەکاربهێنن، لەگەڵ پاراستنی ژمارەکەی کۆڕەک، ئەگەر بکرێت.
هەروەها، دەستەکە دووپات لەسەر گرنگیی کاراکردنی ئامرازەکانی دیکەی پشتڕاستکردنەوە و گەڕاندنەوەی هەژمار دەکاتەوە، کە ئەپڵیکەیشنەکان پێشکەشی دەکەن، لەوانەش ئیمەیڵ و ئەپەکانی پشتڕاستکردنەوە و ئامرازەکانی دیکە، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کە پێش تەواوبوونی ماوەکە دەتوانرێت بە کردەیی بەکاربهێندرێن.
دەستەی راگەیاندن و گەیاندن، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم رێکارانە بە واتای ئەوە نین کە داوا لە بەکارهێنەران بکرێت سیمکارتەکانی کۆڕەک لەکاربخەن یان دەستبەرداری ژمارەکانیان بن، بەڵکو ئامانج لێی پێدانی کاتی پێویستە بۆ پاراستنی هەژمار و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانیان، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی رێکارە یاساییەکان سەبارەت بە کۆمپانیاکە، بە شێوەیەک کە مافی دەوڵەت و بەکارهێنەران بەپێی یاسا کارپێکراوەکان پارێزراو بێت.
.webp&w=3840&q=75)


