رووداو دیجیتاڵ
عێراق دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچەی لەگەڵ ئێران داخست، ئەوەش وەک رێکارێک دوای ئەوەی راگەیێندرا لە خاکی عێراقەوە هێرش کراوەتە سەر سعودیە.
رۆژی شەممە، 12ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داخرا."
سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی دەروازەکە وەک "رێکارێکە" لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتانەی دوای هێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە هاتنە ئاراوە.
بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە شەوی رابردوو بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاند، ئەو درۆنانەی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کراون، سەرچاوەکەیان عێراق بووە.
رۆژی هەینی، 11ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی بۆریی نەوتی ناسراو بە (رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا)ی وڵاتەکەی کرد لە هەردوو پارێزگای ریاز و مەدینە کە بە "چەندین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان" هێرشی کرابووە سەر.
دەروازەی نێودەوڵەتیی شەلامچە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی بەسرە، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیار و زیارەتکاران.



