رووداو دیجیتاڵ
ژن و مێردێک و کوڕێکیان، کە هەر سێکیان فەرمانبەری حکومەت بوون لە بابل، بەتۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیل بۆ راییکردنی مامەڵەی گرێبەستی بەکارهێنانی زەوی، دەستگیرکران.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2029، دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی ئەو دۆسیەی گەندەڵییەی بڵاوکردەوە کە گوایە وەک تۆڕێک کاریان کردووە.
ئەو تۆڕە پێکهاتوون لە ژن و مێردێک و کوڕەکەیان، سەرۆکی ئەو خێزانە بەرپرسی لیژنەی خەمڵاندنی موڵکی دەوڵەت بووە لە دیوانی پارێزگای بابل، ژن و کوڕەکەشی فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی حللە ناوەندی پارێزگاکە بوون.
ئەو ژن و مێردە و کوڕەکەیان، بەگوێرەی دەستەی دەسپاکی، داوای بەرتیلیان لەو کەسانە کردووە کە گرێبەستیان بۆ بەکارهێنانی زەوی سەر بە دەوڵەت لەگەڵ واژۆ کراوە، بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان بۆ رایی بکەن و لە بەرامبەر ئەوەدا پارەیان وەرگرتووە.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، ئەو تۆڕە کارئاسانییان لەلایەن ژمارەیەک کەسی دیکەوە بۆ کراوە کە وەک نێوەندگیر ئەو کارەیان کردووە.
لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک پەڕاو و گرێبەست و کارتی بانکیدا گیراوە.
ئەو کەسانە بەگوێرەی مادەی 307ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکران، کە تایبەتە بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل لەلایەن فەرمانبەری فەرمیی دەوڵەتەوە و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ زیندانی و پێبژاردن.

