رووداو - دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی رەش، کە لە ئاوی هەرێمی عێراق هێرشکراوەتە سەری، لەلایەن کۆمپانیای کەشتیوانیی عێراقەوە بەکرێ گیراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر زانینى وردەکارى رووداوەکە و سەرچاوەی هێرشەکە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کەشتییە بڵاوکردەوە، کە لە ئاوی هەرێمی عێراق لە بەندەرەکانى باشوور هێرشکراوەتە سەری.
وەزارەتی نەوت رایگەیاند، ئەو کەشتییە تایبەت بووە بە بارکردنی نەوتی رەش و لەلایەن کۆمپانیای کەشتییەکانی نەوتی عێراقەوە بەکرێ گیراوە و لە ئاوی هەرێمی عێراق و لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە هێرشکراوەتە سەری، بەڵام زیانێکی کەم بە رووکارەکەی گەیشتووە.
ئەو کەشتییە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێرشکراوەتە سەری و ئاڵای پەنەما بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەو هێرشە نەبووەتە هۆی دزەکردنی ئەو وزەیەى هەڵیگرتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە بەدواداچوون لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکە و هۆکارەکەی.
پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لەدوای رووداوەکە، لایەنە ئەمنیی و دەریاییەکان رێکاری خۆپارێزیی پێویستیان گرتووەتەبەر و کەشتییەکەیان گواستووەتەوە و خستوویانەتە ژێر چاودێریی بەردەوامەوە.


