رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی زرباتیە 5 بارهەڵگر بەهۆی سەرپێچیکردن لە مەرجەکانی هاوردەکردن دەستبەسەر کران، کە هەوڵدرابوو لە رێگەی جیاوازیی پێناسی گومرگییەوە زیاتر لە 31 ملیۆن دینار لە ماڵی گشتی بەهەدەر بدرێت.
عەلادین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە (9ی ئەیلوولی 2026) بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی بەدرە و لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی زرباتیە، دەست بەسەر 5 بارهەڵگردا گیراوە، کە کەلوپەلی پلاستیکی (سەفەری)یان بار کردبوو، لە کاتێکدا ئەو جۆرە کەلوپەلانە لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییدان."
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، دوای وردبینی لە بەڵگەنامەکاندا دەرکەوتووە، جیاوازی لە هەژمارکردنی باجی گومرگی کراوە و لە ئەنجامدا رێگری لە بەهەدەردانی 31 ملیۆن و 352 هەزار دیناری عێراقی کراوە.
عەلادین قەیسی گوتیشی، "پەڕاوی دەستبەسەرداگرتن بۆ کەیسەکە رێکخراوە و بارهەڵگرەکان رەوانەی بنکەی پۆلیسی گومرگی زرباتیە کراون، تاوەکو رێکاری یاسایی بەپێی یاسا بەرامبەر سەرپێچیکاران بگیرێتەبەر."
دەروازەی سنووریی زرباتیە لە پارێزگای واست، یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی نێوان عێراق و ئێران.

